یادی کیژۆڵەیەک
از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
2 دقیقه
552 مشاهده
لەسەر زاری کیژێک گوتراوە کە جەوری کۆنەپەرستی لە چواردیوارا بەندی کردووە لەسەر ئەوەشەوە خۆشەویستەکەی لە بەندیخانەدایە و ماوەی ئەوەی نییە کە بیبینێت یان سەری لێ بدات.
«شەو درەنگە بەڵام ئەو هەرچەند لەجیێ نووستنا بێ و بیەوێ بخەوێ بە خەویش نوستاقاڵێ خەو نابینێ»
گیانە وا کاتی دوای نیوەشەوە
هەموو کەس ئێستا فرمانیان خەوە
منیش وا کەوتووم لەسەر جێی نووستن
کەوتوومە دەریای خەیاڵی بێ بن
سەیری چواردەورم ئەکەم دیوارە
لەجێی ئەستێرەی ئاسمانم دارە
داری بنمیچی ئەو ژوورەی کەوا
تیایا ئەچێژم ئازار و سزا
ئێستاش لە دووریت دڵم ناسرەوێ
خەو بە توسقاڵیش لە چاو ناکەوێ
پیشەی هەمیشەی چاوانم هەردوو
یەنێتە یادم ڕۆژانی پێشوو
تارمایی شێوەی تۆ ئەدا بەدڵ
دڵیش کە بۆتە یەک پارچە سکڵ
گڕ بەر ئەداتە هەناو و جەرگم
ئازار و یادت ئەبێتە بەرگم
ئەو بەرگەی کەوا داییم ئەیپۆشم
یان ئەو ئازارەی گشت کات ئەینۆشم
بە یادی تۆوە یادی ڕابوردوو
هەر شوێنێ تووش بم خێرا لە پەوروو
خۆمی لێ ئەخەم بە وێنەی مردوو
تامی یەکجاری کاتەکانی زوو
ئەدات لە دڵم ئەمژێنێتەوە
ئەو هەڵوێستانەم بیر دێنێتەوە
ئەو هەڵوێستانەی کە بۆتە مێژووم
بۆتە یادی ژینی لەدەست چووم
هەتاکوو مردن من هەر پێی مەستم
هەر وێڵی یادم، بێ هۆش و مەستم
شێوەی تۆ وێنەی گلێنەی چاوم
پێویستی ژینمە جەرگ و هەناوم
هەر کە تۆ ون بوویت من وا بەربادم
هەمیشە نوقمی دەریای پڕ یادم