ئۆخەی نیشتمان
از کتاب:
دیوانی عوسمان عوزێری
اثر:
عثمان عوزیری (1936-1966)
2 دقیقه
645 مشاهده
لە ڕۆژی ١٩٥٧/٠٩/٠٢دا شەهید «عوسمان عوزێری» بەسەردان هاتۆتەوە بۆ سلێمانی کە ماوەیەکی زۆر بووە چاوی بە کوردستانی خۆشەویست نەکەوتووە لە شادییا ئەم هەڵبەستەی داناوە بۆ دەربڕینی هەستی بەکوڵی کە تاسەی دوورییەکەی پێ بشکێ.
ئۆخەی نیشتمان هێزی دەروونم
بیلبیلەی چاو و گلارەی ڕوونم
ئەمجاش نەمردم تۆم بینییەوە
نەما ئاهەکەی دوور و مەفتوونم
***
ئیتر بیشمرم خۆشیم ئەگاتێ
کە شاد بووم بە تۆ زیاتر لە ساتێ
ئەگەر مردیشم خاکی پیرۆزت
وام دائەپۆشێ خەمم نەگاتێ
***
بەڵام هێشتاکوو تاسەم نەشکاوە
با جارێ مردن بخەینە لاوە
بێینە سەر باسی شادی و پێکەنین
من لە خۆشیی تۆ هێزم بڕاوە
***
ئەوا ئەم جارەش پێت شاد بوومەوە
هەوات هات و چوو لە گەروومەوە
هیچ نەما یادی دووری و خەمباری
کە خاکی جوانتم نا بە ڕوومەوە
***
دەورەیان داوم درەخت و دەوەن
چنار و چیا و دار و دارەبەن
یەتەوە یادم سەدەکانی کۆن
کە بۆ ئەژدادمان بووبویتە مەڵبەند
***
ئێسقان و گۆشتیان لێرە کەوتووە
بە خوێنی ئەوان گوڵ پشکووتووە
بووە بە گوڵی جوانی سەربەستی
کە بۆ ئێمەیان بەجێ هێشتووە
***
ئێمەش تێکڕایی هەموو هەوڵ ئەدەین
ئەو گوڵە بگرین بۆنێکی بکەین
تا بە تێکڕایی ببووژێینەوە
ئاواتی گەلمان بۆ جیهان دەرخەین
***
جا لەبەر ئەوە لە تۆ دوور ناژین
گەر بەندیشمان کەن بۆ لات دەربازین
تا دوا هەناسە تۆ ئەپەرستین
بە هەموو جۆرە شوێنێکت ڕازین
***
ئەگەر دووریش بی هەر قیبلەمانی
ئاوات و خۆشی و شادیی دڵمانی
سکاڵات ئەکەین هەر لە دوورەوە
تاکوو ئەتگەینێ بە شادمانی
***
ئینجا وەک دایک باوەشمان پیا کە
ئێمەش ڕۆڵەتین لەسەر ئەم خاکە
تۆیش دایکی ڕاستی دێر زەمانمانی
ڕۆح لە پێناوتا نەمێنێ چاکە
***
هەموو پێشمەرگەی نێو سەعاتی تۆین
بەرەو دوژمنت بە هەڵمەت ئەڕۆین
هەتا ئەگەینە ئامانج و ئاوات
ئەو کاتەش هەموو بۆت ئەڵقە لە گوێین