تۆ گوڵی کام باخی جانا غونچەیی کام گوڵبونی

از کتاب:
دیوانی شاهۆ
اثر:
شاهو (1882-1971)
 2 دقیقه  746 مشاهده
تۆ گوڵی کام باخی جانا؟ غونچەیی کام گوڵبونی؟
سەروی کام جۆباری؟ خولدی خۆشەیی کام خەرمەنی؟
حووری کام قەسری جینانی؟ شۆخی کام جەنناتی عەدن؟
نەوڕەسیدەی کام مەکانی؟ دوڵبەری کام مەسکەنی؟
ئادەمی؟ جینی؟ پەری تۆ؟ یا مەلەک یا حووری عەین؟
وا ئەوندە دڵڕفێن و ناسک و سیمین تەنی
قەوسی دوو ئەبرۆت هیلالی یەک شەوە، کوڵمت سوهەیل
نووکی موژگانت سەنانی سینەدۆزی بەهمەنی
بۆ چ بە دایم جەنگجۆیە دیدەکەی مەخمووری تۆ؟
عادەتی چاوت وەهایە یا کە خۆت وا پڕ فەنی؟
وام لە بەحری حیرەتا بۆ لەعلی لێوی ئاڵی تۆ
مەخزەنی مەرجانە ئایا یا عەقیقی یەمەنی؟
دورجی ئەڵماسە دەمت یا لوئلوئی هۆنراویە؟
وابریقەی ئاوی چاو دێنێ کە لێوت پێ کەنی
گۆی زەقەن یا سێوە سوورەی ناسکی بوستانی گیان
تۆپی گوڵ یا غەبغەبە؟ گوڵباخی نازداری منی
دووشەو و دوو سوبحی سادق پێکەوە تەشکیل ئەکەن
ماری دوو زوڵفی کە ئاڵاون لە دەوری گەردنی
نیم نیگای چاوت کە وەختێ دێتە جەولانگاهی ناز
عالەمێ دەکوژێ بە نێشی نووکی سونگی جەرمەنی
چین لە سەر چین، چینی ئەگریجەت لە سەر ڕوخساری تۆ
ماهی تابانی خەجاڵەت کرد بە بشکەن بشکەنی
تیشکی ڕۆژی ڕوومەت و سینەی بلووری سافی تۆ
دای لە هەر کەس گیانەکەم سووتاندی، ڕۆحی لێ چنی
تۆ لەسەر کام مەزهەب و دینی؟ کە سوێندت پێ بدەم
مووسەوی؟ ئیسلامی؟ شێعەی؟ عیسەوی یا ئەرمەنی؟
تۆ خوا و عیسا و محەممەد! تۆ عەلی و مووسا و حوسێن!
دەردی کاری من دەوا کە! گوڵبدەن هەر چی هەنی
تۆ بە یەک عیشوەی نیگاهت خۆ منت دێوانە کرد
پێم بڵێ چیت؟ ساحری؟ جادوگەری؟ یا کاهینی؟
سێوە یا لیمۆیە یا مەم یا هەناری گوڵ بە دەم؟
وا لەسەر سینەی لەتیفت خڕ بووە بەم ئەحسەنی
شایقتخلصت پێکراوی تیری نازی چاوی بازتە
بۆیە وا خوێناوی دڵ دەتکێتە جێی و دامەنی