هەموو دڵێ بە نەزەر خۆیەوە غەمێکی هەیە

از کتاب:
دیوانی ئەوڕەحمان بەگی بابان
اثر:
عبدالرحمان بیگ بابان (1880-1967)
 1 دقیقه  1126 مشاهده
هەموو دڵێ بە نەزەر خۆیەوە غەمێکی هەیە
دڵی منە کە غەم و دەردی عالەمێکی هەیە
سوئال ئەکا لە پزیشکێ، شعوور و عەقڵی سەلیم
برینی جەهل و نەزانی، چ مەرهەمێکی هەیە؟
عیتاب ئەکا، لە قەدەر، بۆ چی فازیل و زانا
لە کاتی قیسمەتی ڕیزقا، بەشی کەمێکی هەیە
لە داهییانی سیاسەت ئەپرسێ بۆ چی هەوا
لە خاوەری وەسەتا دووکەڵ و تەمێکی هەیە
لە حیرەتایە کە ئەربابی سەروەت و سامان
هەمیشە برسییە، تێرە، ئەوی ژەمێکی هەیە
ئەپرسی: بۆ چی ئەوەی خائینە بە خاکی وەتەن
لە ئیفتیرا و درۆدا چەنە و دەمێکی هەیە
غەریقی دەرد و پەژارە و غەمی جیهانێکە
لەبەر ئەمە دڵەکەی بابەتخلص ماتەمێکی هەیە