بڕوانە ئاسمانی شین

نەورۆزی ١٩٤٨
از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
 1 دقیقه  628 مشاهده
بڕوانە ئاسمانی شین
بڕوانە دەشتی ڕەنگین
بڕوانە گوڵ و نەسرین
بەهەشتێکی زۆر شیرین
***
ئەڵێن ئەمڕۆ بەهارە
وڵات بووکی نازدارە
ڕازاوەی کردگارە
دڵخۆشیمان لێ دیارە
***
بڕوانە لاوانی ژیر
یەکدڵ وەک حەلقەی زنجیر
ڕۆڵەی نیشتمانی پیر
بەبەرزیی وڵات هاوبیر
***
ڕوو لە دەشت و سەیرانن
دڵخۆش و شادمانن
چونکە گەنجی مەیدانن
ئەمڕۆ بە جەژن ئەزانن
***
کیژۆڵەکانی نازدار
خانمۆڵەی شیرین کردار
چاوەڕوان بوون کە بەهار
لەسەر بەندەن بێنە خوار
***
بەڵام سوپاس بۆ یەزدان
نەورۆزی دیسان ڕەخسان
ئێمەش ئەیکەین بە سەیران
بۆ کوردو بۆ کوردستان