فیدات بم بایەکەی وەختی بەیانی

بایەکی بەیانی
از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
 2 دقیقه  1043 مشاهده
فیدات بم بایەکەی وەختی بەیانی
لەگەڵ تۆ خۆشە لای من زیندەگانی
کەژ و دەشت و چەمەن ئەبڕی لە ناکاو
لە پیرمام و لە قۆپی و مێرگەپانی
گەهێ قەندیل ئەچی گەهـ دەوری سوورکێو
سەرەو ژوور جار بەجار لای گۆڵی وانی
وڵاتی کوردەواری ڕاگوزەرتە
بەسەربەستانە مەشغووڵی گەڕانی
بەیانیان من خەریکی گا، مەڵاسم
لە ژوور سەرمی وەکو ئاواتی گیانی
لە سۆزەی فێنکت وا دێتە بیرم
ئەڵێی هەستە ئەگەر پەستی ژیانی
غوباری ناو لەشت دەرمانە بۆ من
پەڕی سیمورغە بۆ نەرم و نیانی
لە کاتێکا خەواڵووم خۆڵی چەند جێ
لە چاوم کە کلێکە ئەسفەهانی
بە بۆنی ئەو وڵاتانەش کە دیوتە
بهەنوە مێشکم ئەی هاوڕێی نیهانی
ئەگەر تۆ ئەم نیازەم جێبەجێ کەی
منیش پەیمان ئەکەم ڕاست و ڕەوانی
بەچاوی کاڵ و لێوی ئاڵ و خڕخاڵ
ئیتر تەفرە نەخۆم وەک نانی نانی
بەچیهرەی یار و عیشوەی دڵ نەبەستم
بەخەندە پێ بکەنم تۆش پێ بزانی
شەوی وەسڵی بنێمە عاستی پشت گوێ
بەعەشقی یار نەچێژم شادمانی
سەرم تەرخان بکەم بۆ دەردی هۆزم
دڵم جۆش دەم بەعەشقی نیشتمانی
فیدات بم بایەکەی وەختی بەیانی
لە کوێی هەڵکە. وەرە هاوڕێی نیهانی