مەناڵە ئەی دڵ ئارامت ببێ شێرانە تا ماوی

از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
 1 دقیقه  760 مشاهده
مەناڵە ئەی دڵ ئارامت ببێ شێرانە تا ماوی
لە پێناوی نیگارا کۆتەیەکیان گەر لە پێ ناوی
هەزاران چاو و ڕاوت لێ بکەن قەت سڵ مەکە بۆ عەشق
بەچاوێ ڕاوکراوی تا بمێنی حەپس و گیراوی
بڕۆ هەر هۆگری ئەو شۆخەبە ئەو چاوە مەستانە
مەترسە هیچ لە تانەی خەڵق و کردەی چەرخ و بەدناوی
وەکو بیری من ئەمڕۆ وردە خاڵی دەوری گۆناکەی
وەکو هەڵبەستەکانم ڕێکوپێکە قەددی لاولاوی
ئەگەر هات و لە یادی لابدەی سەبر و سوباتت کوا
لە عەشقی دولبەرا بێت و نەسووتێی دیارە خرفاوی
لە زمناکۆ بەخوڕ فرمێسک بڕێژە ساف وەکو سیروان
بەناڵەش ئەم کەژە پڕکە لە دووریی پەرچەمی خاوی
ئەگەرچی بێ وەفایە ئەو نیگارە دائیما بۆ تۆ
بەڵام تۆ شێوەیی سیدق و وەفا گەر بەرنەدەی پیاوی