بە چاوت سوێند ئەخۆم ئەی یاری نازدار

پەیامێک بۆ یار
از کتاب:
دیوانی بەختیار زێوەر
اثر:
فایق زیور (1908-1952)
 2 دقیقه  960 مشاهده
بە چاوت سوێند ئەخۆم ئەی یاری نازدار
دڵم لای تۆ بوو، تاکو پار و پێرار
بەڕۆژ هەر هاتوچۆم بوو بۆ تەماشات
بەشەو وەک کۆترێ بووم دەم بەهاوار
وەها جێگیر بوو وێنەی تۆ لە سەرما
خەو و خۆراک نەمابوو لام بەیەکجار
بەڵێ خۆش بوو لەلام ئەو تۆزە ژینە
کە ڕامانبوارد بەکوێریی چاوی ئەغیار
خودا هەڵناگرێ تۆیش دڵنەرم بووی
بەرامبەر من بەگوفتار و بەکردار
بەپەنهانی لە گۆشەی چاوەکانت
دەمم شیرین ئەبوو مانگی هەزار جار
لە تاریکیی شەوا هەروا لەبیرمە
من و تۆ پێکەوە بووین وەک گوڵ و خار
ئەوەندە لوتفی تۆم دیوە ئەگەر بێی
لەتم کەی جومگە جومگە نیمە ئازار
بەڵام ئێستا ئەبێ تۆ لێم ببووری
وەکوو جاران کە نیمە مەیلی دیدار
شەوێ ڕێم کەوتە لای هەندێ برادەر
بەکوردی تێگەیشتووی ئەهلی ناو شار
یەکێکیان پێی وتم وەک سەرزەنشتێ
بەسێتی سەرپەرشتی خاڵ و ڕوخسار
گریمان پەیڕەوی ئێمە نەزانی
بەئەشعار و بەکردار و بەئاسار
لەبەرچی بولبولی خۆش خوانی یاری
لە جیاتی نیشتمان و کوردی غەمبار
لەسەر تۆ فەرزە بۆ بەرزیی وڵاتت
شەو و ڕۆژ هەر بنووسی نەسر و ئەشعار
کەچی تۆ شیعرەکانت بووەتە گاڵتە
بەباسی وردە خاڵ و زوڵفی دڵدار
وتم یاران بەپارە و عیلم و خزمەت
منیش خۆ نیمە عیلم و زێڕ و دینار
بەڵام شەرت بێ هەتا ماوم لە دنیا
بەکردار و بەئەشعار و بەئەفکار
درێغی قەت نەکەم بۆ نیشتمانم
هەوڵ دەم من بەنووسین و بەگوفتار
لەمن دڵگیر مەبە ئەی یاری گیانی
لە عەشقی نیشتمان کەوتوومە هاوار