شینگێڕی

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  897 مشاهده
کاک هێمنشخص برای شیرینم
چاوان دەگێڕم ناتبینم
زلکوێران دەڵێن مردووە
کۆچی یەکجاریی کردووە!
دڵەی پڕکڵۆڵی هەژارم
گیانی بێ ئۆقرە و قەرارم
بەمەرگی تۆ باوەڕ ناکا
چۆن بێ منی لەتوێی خاکا؟
تۆ یەک هۆگری منداڵیم
هاوشکڵی و هاوکرچ و کاڵیم
هەمدەمی دەمانی لاویم
تەواوکاری ناتەواویم
هاو هەنگاو لەرێی خەباتا
هاوبەش لەهات و نەهاتا
هەواڵ دڵداری کوردستان
هاوپێشمەرگەی زێدپەرستان
هاوسروود خوێن، بۆ ئازادی
بۆ رزگاربوون لە بێدادی
هاوسەنگەر دژی داگیرکەر
نامۆی خوێنمژی سەرەخەر
هاوقەتار لە دەربەدەری
بە هەژاری و خاکەسەری
هاوقەڵەم، هاوبیر و هاوهەست
هاو زمان، هاودڵ و هاودەست
هەر یەکێک بوو «هەژار هێمن»
منیش هەرتۆ بووم، تۆش هەرمن
ڕوحێک بوین دابەش لە دوو لەش
دوو لەشی ماندووی بەخت ڕەش
پەیمان بوو بە جێم نەهێڵی
وێڵم نەکەی لەشوێن خێڵی
باری خەم وێکڕا هەڵبگرین
دواجاریش پێکەوە بمرین
تۆی کوردی وا خاوەن بەڵێن
چی تۆی کردە پەیمان شکێن
گەوی بەین و بەقات هەڵبوارد
خۆت بەئاسوودەیی ئەسپارد
لا باری خەم خواریت لادا
ئەویش بە مل مندا دا
جاڕز بووی لە دونیای بێفەڕ
دونیای پڕ لە دەزبڕی و گەڕ
دونیای وڕ و گێژ و کاسان
گەوهەر و ئەمەک نەناسان
دونیای بازاڕی نامەردان
دونیای خەم و کوڵ و دەردان
خەلەسی لەدەم هار و مار
تەکیەوە لەو ژینی گەمار
ژیانی پڕژانی بێ دەرمان
گەیشتییە هەواری هەر مان
بۆ ئەو کۆچەی بێ من کردت
ئەو بەشە خۆشیەی تۆ بردت
زامی گیان و دڵ بەسۆیە
شین بۆ خۆمە نەک بۆ تۆیە
خۆزگە بەر لەتۆ دەمردم
تۆ شیوەنت بۆ دەکردم
دوور لەتۆ دڵگۆمی خوێنم
بە گازندەوە دەتدوێنم
منش وەک تۆ قەڵسم لە ژیان
«بۆ چت جێ هێشتم هێمن گیانحساب ابجد: ئەم دێڕەی دوایی بە حیسابی ئەبجەد ئەبێتە ساڵی وەفاتی مامۆستا هێمن «١٣٦٥»»