ژارگەی ماران

تەخمیسی بارگەی یاران، هەژار شیعری مام هێمنی تەخمیس کردووە
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  932 مشاهده
بەر بەڕۆچکەش هەیە سەرمامە شەوان من چ بکەم
ئەم مناڵانە کە بێ کراس و کەوان من چ بکەم
دڵی بردووم کچەتیوی کەرەوان من چ بکەم
«دێت و ڕادەبرێ وەکوو سەروی ڕەوان من چ بکەم
کە بەقوربانی نەکەم ڕۆحی ڕەوان من چ بکەم»
من نە شەرقیم و نەغەربیم و نە ئەمریکی و نە ڕووس
نە موسڵمانی بەڕاستیم و نە جووم و نە مەجووس
پیر و زور هانم و خورپەی دێ دڵم بۆ کچێ لووس
«قەدی ئەو شۆخە وەکو دووخ و خەدەنگە ئەفسووس
پشتەکەم کۆمە وەکوو ماڵی کەوان من چ بکەم»
سەرە لەرزۆک و قول و چۆکە شل و زگ پەنەماو
لاملم خوارە، پشووم سوارە، پڕووش و کزەچاو
چوار پەلم فل بوو لەشیشم بۆتە لانکەشکاو
«تازە هەنگاوی شلم کوانێ دەبێ بۆ شەوڕاو
جوانە زۆر جوانە بەڵێ ڕەوتی کەوان من چ بکەم»
بە زگی برسی خەوم نایەت هەرچەند وەربکەوم
ئارەزووم هەر ئەوەیە نانێ گەرم بێتە خەوم
وەکی ڕەشکێکی ڕزیو پس پسە گش قڵف و گەوم
«زەبری ئاوزەنگی بڕاو شل بووە دەستی جڵەوم
دێ دەنا پڕمەی بۆر و بەدەوان من چ بکەم»
دمدمی چی ئەوە دوێنێ بوو ئەمن زۆر کەونم
دایکە وای ڕەحمەتی ئەوسایە کوتابووی تەونم
وشک و ڕەق بوومەوە تازە دەگەڕێم بۆ شەونم
«ژوانی خۆش هەڕەتی لاوەتی دێتە خەونم
کاتی ئاویلکە لەگەڵ زیندەخەوان من چ بکەم»
خەڵکی پێی وایە لە خۆشیانا هەروا گاڵەم دێ
نا، براکەم لە دەسی زاڵمەکان زاڵەم دێ
ورتەی کۆنە برینانی دەم ئاواڵەم دێ
«شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی لەشم ناڵەم دێ
دێتە گوێم دەنگی گەلۆ و نیوەشەوان من چ بکەم»
لە چیایان و لەدەشتان و لە لادێ و شاران
هیچ شتێک ئێستە نەماوە وەکوو جاری جاران
دە وەرە سەیرێ بە ڕۆژی مژ و گۆپاڵ باران
«بارگەیان پێکەوە پێچا و بەڕێ بوون یاران
لە دنێ وا بەتەنێ پاشی ئەوان من چ بکەم»
دەچمە لای هەرکەسێ بۆ کارێ دەڵێی کوێر و کەڕە
یەک دەڵێ لاچۆ لەبەر چاو ئەوی تر ئێژێ هەڕە
ئەوی بۆ م ماوەتەوە چاوی تەڕ و پێستی گەڕە
«ژیانی من ئێستە وەکوو خۆری دەمی زەردەپەڕە
پێم نەما تین و گوڕ و هێز و تەوان من چ بکەم»
خۆم وەکوو زەڕنەقوتە و زاڕۆڵەکانم ڕووتن
حەوتی وام هەن کە دەمی خواردنێ وەک حەو حووتن
دوێنێ ئێوارێ لەسەربانی هەڵم خست تووتن
«سروە هات خونچەگوڵی باخی ئەدەب پشکووتن
باخەوانی گەرەکە تازەجەوان من چ بکەم»
خاڵەباس یادی بەخێر ئەو دەمی دایکی مردبوو
هەروەها وشک و برینگ نایە قەبر نەیشردبوو
دێیەکەی ئێمە هەمووی دێم و تەلان و گرد بوو
«ئاو نەبوو ئەو دەمی هێمنشخص مەلەوانی کورد بوو
ئاو شوکر زۆرە وەرن زوو مەلەوان من چ بکەم»