بۆ کاک ئیدریس

گوڵی خانەدانی بارزان
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  704 مشاهده
ئاخ و داخ لە بەختی خەوتوو
لە ئێمەی کوردی کۆسکەوتوو
بۆ ئەو باسەی ورە بەزێن
دڵی بەرد و پۆڵا تەزێن
وتیان کاک ئیدریس کۆچی کرد
بە مەرگێکی کتوپڕ مرد
ئیدریس دڵسۆزی هەژاران
مایەی خۆشی و گەشەی یاران
زراو تۆقێنی کورد کوژان
چقڵی گلێنەی خوێنمژان
گوڵی خانەدانی بارزان
وریا و پاکژ و لە کارزان
ئەستێرەی ڕێنموونی گەل
ناوەخت ئاوابوو لە کەل
***
لە هەموو لای کوردەواری
چەمەرەیە و ئازیەت باری
پیر و پیرەک و کیژ و کوڕ
لاوانی پێشمەرگەی دڵپڕ
لە مەرگی ئەم جوانە مەرگە
خڕ کوڵ و زووخاو لە جەرگە
دڵ شەوتی بە پەرۆشن
چاو بەڕۆندک و ڕەشپۆشن
***
بێ سۆیە مردن گشتییە
ڕێ و شوێنێکی سروشتییە
هەرچی دەژی دەبێ بمرێ
کێیە بەر لەمردن بگرێ
بەڵام زەمانەی نالەبار
چەپگەڕی بێ بەقای غەددار
لەم کارەشیدا بێ بەختە
دوورە بەزەیە، دڵسەختە
وەک پیسکەی چنۆک زێڕی پاک
دەشارێتەوە لە ژێر خاک
قەڵپ و چرووک دەکار دەکا
باری بێ باران بار دەکا
گەنجی وەک ئیدریس دەڕفێنێ
هانایەک لە کورد دەستێنێ
کەچی داگیر کەرەکانمان
رزق و رۆزی بەرەکانمان
ماوە دەدات گەلێک ساڵان
بۆ کوشتنی کورد و تاڵان
فەلەکی دەک ژێر و ژوور بێ
وەک وڵاتەکەم خاپوور بێ
***
ئیدریس برای لەمێژینم
رووناکاییی شەوی ژینم
تامی مەرگی خۆت پێ چێشتم
بۆ خەمانت بەجێ هێشتم
قەرار بوو بەر لەتۆ بمرم
جێگە لە لای بابە بگرم
ئێرەییت هات پێشم کەوتی
پێش من لە لای بابە خەوتی
زۆر بە هەڵپە چاوەنۆڕم
هاوسای گڵکۆی تۆ بێ گۆڕم
ژێر پێی بارزانی بێ سەرم
هەژارێکی بەختەوەرم