خوایە بەس نەبێ ئیتر؟!

یادی نۆیەمین ساڵی کۆچی بارزانی
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  775 مشاهده
بارزانی باوک و برای کورد
لە شەوەزەنگا چرای کورد
هیوا و هومێدی کوردستان
ڕووگەی ڕاستی کوردپەرستان
لەم بەهەشتەی کوردەواری
چەوسان و ڕەنج بەخەساری
چەند بەرەمان هاتین و چووین
بەنی و کۆیلەی بێگانە بووین
کەس نەناس و بێ خەبەر ماین
تۆ ڕێی شەرەفت نیشان داین
بەڕێبەری پێشمان کەوتی
هیچ گاوێک تاوێک نەسرەوتی
لەهەرکوێ بووی بۆهەرجێ چووی
چقڵی دڵی نامەردان بووی
***
ئەی ئەوەی بۆ ڕزگاری کورد
لەڕای خوا جیهادت دەکرد
ئەی هەمیشە لەبەر چاوان
جێ شانازیی هەموو پیاوان
ئەی نموونەی ئازایەتی
بێ هاوتا لە مەردایەتی
بێ وێنە بۆ ئەمەکداری
ڕەوێنی تەمی هەژاری
ئەی ئەو مەردەی تا هەتایە
باسی چاکەت بنەی نایە
گەر بە ڕواڵەت بەر پێواری
بەگیانی پاک ئاگاداری
دەبینی چمان بەسەر هات
دە هەژمار نایە کارەسات
ڕەوەدەی زێدی کوردخۆران
خوانەناس و خاوەن زۆران
شیشاونە گیانی گەلەکەن
ملە دەکەن، پەلە دەکەن
گرێویانە بۆ نەمانمان
جاڕکێشانە بۆ قڕانمان
سڵ ناکەن لەخوێن ڕشتنمان
بێ سووچ و تاوان کوشتنمان
هەرگرتنە و لەداردانە
هەر مەنگەنە و ئازاردانە
بەر تۆپ دانە، بۆمبارانە
سووتانی گوندو شارانە
تاڵانە، هەست و نست چوونە
بەدەستی زاڵم دیل بوونە
ئەنوامان بەند و زیندانە
گفتیان هەر ژەقنە و سندانە
کێش کە لە بەندان دەرچوونە
ڕەوینە و لێکتر دووربوونە
بەهەزاران و هەزاران
وانە لەناو مەکۆی ئاواران
وەک تۆمی هەرزن بڵاوین
بەبنیادەم نەناسراوین
باب ئاگای لە کوڕ نەماوە
خوشک بێ برا، کیژ بێ باوە
زارۆمان لە ناز بێبەشن
خوشک و دایک سەر بەهەشن
لەمایەی ژیان بەش بڕاو
لێقەوماو، ئاشتەبا نەماو
هەر گەڕەو هەر تەشقەڵەیە
هەر پێ وەگوێزین تەڵەیە
***
تەنانەت زمانەکەمان
شایەتی هەر مانەکەمان
کە خەڵاتێکی خودایە
لای خوانەناس ناڕەوایە
ڕەوای نابینن بیخوێنین
بە کوردی یەکتر بدوێنین
گەلی کورد شێست چەرخە ژیوە
هەرگیز دەردی وای نەدیوە
***
کاکە تا تۆ لەناومان بووی
هەژارپەروەر بۆ خودا بووی
ئێستاش کە چوویتە بارەگای
دیارە خۆشەویستی خودای
بێژە خوایە پشوو تاکەی؟
بۆ ڕوحمێ بەو کوردە ناکەی
بە بەڵێن و سۆزدانەکەت
کە هان لەناو قورئانەکەت
فەرمووتە: «لەپاش تەنگانە
نۆرەی سانەوە و خۆشیانە
دنیا دەستاودەست پێ دەکەین
ستەمکاران لەناو دەبەین
ئەوپەڕی بەزە لای منە
دەست درێژکەر پێم دوژمنە»
***
دەی سا کێ لەم هەردو بۆیە
وەک کورد شیاوی بەزەی تۆیە
کێ لەم سەرزەوییە هەراوە
وەکوو کوردی لێ قەوماوە
خوایە کە منت بردەوە
بە ئیدریس تۆڵەت کردەوە
ئیدریسیشت لێ ساندەوە
برینت لێ کولاندەوە
***
خودا بۆخاتری خوداییت
بۆ خاتری تاک و تەنیاییت
با بەس بێ خۆ لە کورد بواردن
بە کەڵپی گورگان ئەسپاردن
نزای ژنەبی و بێ باوان
هاوار خوای ڕۆندک لە چاوان
دەریای بەزەت وەجۆش بێنێ
پێل بدا و خەم بڕەتێنێ
ئەو گش پێشمەرگە دڵپاکە
ڕێڕەوی ئەم ڕێگە چاکە
کە گیانی خۆ فیدا دەکەن
داوای مافی ڕەوا دەکەن
ڕێگەی هەقیان گرتۆتە بەر
بەگیان بوونە لەمپەر لابەر
دەس لەدەس یەکا پێکەوە
هومێدیان بە تۆ پتەوە
دەی تۆش ئاوڕ لێوەدانێک
جارێک ئازادانە ژیانێک
لەم یەخسیریە ڕزگاربوونێک
تۆزێک وەک خەڵکی تر چوونێک
چی تر بێ پەنا نەمێنن
تۆی تۆ لەبیر چوون نەچێنن
خواپەرستان لەیاد مەکە
خودا نەناسان شاد مەکە
ئەم سەرۆکە و پێشمەرگانە
کە وەک تۆڵای پۆڵا وانە
مەسعوود و یار و هاوکاری
وەسەرخە بەرەو ڕزگاری