کورد لە فەرمووودەی تۆ ناگا
یادی دەیەمین ساڵی کۆچی بارزانی
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
8 دقیقه
901 مشاهده
ئێمەی کورد چین؟ نایەژم کێین
دەبزووینەوە، دەچین و دێین
بەڕواڵەتی جانەوەرین
کامی؟ لە گشتیان کەمترین
جانەوەری کێوی و کەوی
زلی، گچکەی، بەرزی، نەوی
وەربکەون، بلەوەڕێن
سەربەستن، لێیان دەگەڕێن
هەر لە مێروو تا مەل و مار
هەیانە شوێنێ بۆ ستار
هیچ لا بێ لان و لانە نین
بێ بوودڕ و کولانە نین
هەر گەلی کوردە لەم ناوە
بێ نانە و بێ لانە ماوە
لەماڵی خۆی تەرە کراو
هێز لێ بڕاو، دەورە دراو
لەهەموو لاوە ڕاو دەکرێ
تووش تەپکە و تەڵە و داو دەکرێ
زوان بەستە، دەم دادووراو
گشتی خاوە و خڕی بڵاو
خاکێ کە دەبوو هین خۆی بێ
لە سۆنگەیەدا نان و دۆی بێ
لەت لەتە داگیرکراوە
چەند مۆری پێوە نراوە
داهاتی سەر زەوینەکەی
بەروبۆی، وشکە و شینەکەی
بەفیڕۆ بۆ ئەم و ئەوە
ڕۆژیش بێ بۆ ئەو هەر شەوە
بەیدەس کراوین لە خۆمان
بووینە دەسەمۆی نامۆمان
لەخۆ بڵاو، بۆ ئەوان کۆین
ئەشێ سەولەی ئەوان بخۆین
غەوارە درزیان داداوین
گەرەک جاجکی وان بجاوین
بە چەند نرتک ناونراوین
بە چەندین ڕەنگ، ڕەنگ کراوین
خۆمان لەبیر بردۆتەوە
ڕەگەزمان لەبیر چۆتەوە
لەجەم کەم و بەدەم زۆرین
لاپرەسەنی بەرماو خۆرین
بۆ دانی ئەوان بووینە ئاش
بیلامانێ یەک بووینە جاش
لە جاشەتیشدا چەند جۆرین
سۆرین، شینین، بۆزین، بۆرین
جاشدارەکانیش دژ یەکن
لەسەر پاشوون چەنگ وەچەکن
بە جووتە تێکمان بەردەدەن
سەیر باز و گازمان دەکەن
شەڕ و کێشە و حەلەلایە
شەڕ لەسەر لێفەی مەلایە
شێر و خەت، وشک و تەڕیانە
لەسەر زێدی کورد شەڕیانە
ئێمەی کە پووک وەک پەڵاشین
بۆ دەستەچیلەی شەڕ باشین
با دەستەچیلە گڕ بگرێ
چش با جاشگەلیان قڕ بکرێ
لەئاکام هەرکام سەرکەوت
یان ناکام فسی دا و خەوت
نابێ شین گێڕ بین بۆ مردوون
بۆ گەنج و ڕەنجی بابردوون
ناشێ دڵتەنگ و پەشێو بین
زۆرەکیش بێ، کەن لە لێو بین
بۆ سەر داوەت بان کراوین
بارەبەری نان و ئاوین
گەرەکە بچمە ناو بەزم
لە زەماوەندا هەڵبەزم
هەڵپەڕکێکەش لە چ لایێ
بە چەند زوڕنا و چەند هەوایێ
زیندە باد، یەعیش و یاشا
بێژم، هەر لەخۆم کەم حاشا
بژی بێژم وە زوانی خۆم
زۆر گران تەواو ئەبێ بۆم
نیشانەی گەل پەرستییە
مەرجی جاشبوون بێ هەستییە
سزای گەلخواز لای جاشداران
قەنارەیە و گوللەباران
***
جارێک لە نێرینەی شەوا
جیهان لە غوڕابی خەوا
منی شەکەت پڕ ژان و دەرد
بە ئەسری گەرم و ئاخی سارد
ڕووی زەردم بەرەو حەوا کرد
گازندەم لەلای خودا کرد
خوایە خۆت ئەیزانی چ تۆین
ئاخر خۆ ئێمەیش کۆیلەی تۆین
لەوەتا لەم سەرزەمینەین
لەژێر ئەم عاسمانە شینەین
هەر پشتمان بەتۆ بەستووە
هەر بەنی تۆمان رستووە
دەتگاتێ ناڵە و نووزەمان
خوا هاواری بە کڕووزەمان
ئەم حەمکە ڕۆڵە کوژیاوە
ئەو گش ساوایە بێ باوە
ئەو گش کیژە ئازیەت بارە
ئەو گش پیرە لێو بەبارە
ئەم لەهیی خوێن و ئەسرینە
ئەم هەموو شەپۆڕو شینە
دەبیەی، دەبینی هەر دەمێ
کوا لە هەوری بەزەت نەمێ
وتیان تۆ زۆر خاوەن بەزەی
دژ ئەم کاریەلە ناحەزەی
دەردی کوردی وا لێقەوماو
دڵی بەردیش دەکاتە ئاو
چۆنە هیچ ڕوحمی پێ ناکەی
تاکەی ئەم بازاڕە تاکەی؟
کێی تر لەسەر ئەم زەویتە
وەک کورد شیاوی بەزەویتە
***
لەپڕ گوێم لە قاقایەک بوو
زانستی ناخویایەک بوو
بەئاوەزم پێ ئەخەنی
کە ئەی خێوی مژی گەنی
خوا کاری وە بنیادەم چەس
لەخۆی بەرپرسیارە هەرکەس
دەردی کورد کەی کاری خوایە
مەیخە مل خوا ئەم خەتایە
خۆت بدۆزە بزانە چیت
وەیدۆزە مایەی نەگبەتیت
تۆ گەلێکی لەچاو گەلان
نەفامتر لە ورچی تەلان
چەندین چەرخە لەوساوە هەی
نە تێگەیوی نە تێ دەگەی
دەستت گرت بەکلکی تازی
گورگت لەخۆت کردە قازی
ئەو جێی ناوت نا زێدی کورد
بەهەشت ئێرەییی پێ دەبرد
هەرچی پێداویستی ژیانە
مایەی خۆشیی لەش و گیانە
لە بەهرەی کشتوکاڵەوە
لە خەزێنەی ژێر چاڵەوە
مشەیە لەزێدی تۆدا
بۆ خۆت هەمووت بەفیڕۆدا
خۆت کرد بەچیلکە و چاڵی دەشت
بۆ ئاردووی ئاورگی زەردەشت
لە موبید و موغ پەرستی
پووشیشت نەهاتە دەستی
نەگۆڕای تا دنیا گۆڕا
تا دین و دنیاشت دۆڕا
فێرببوی سەربەست نەدەژیای
بەبێ پڕ و پووچ نەدەشیای
لە چۆڵ گلا بووی کەوتیە چاڵ
تازی هەڵینای بە شەماڵ
وابووە پتر لە هەزار ساڵ
شڕە بەڕەی کۆنە سیپاڵ
بۆ مەلا، بۆ شێخ، بۆ دەروێش
سەربەخۆ خۆت کردە ڕمکێش
بەڕیش و پرچ و حاو و حوو
مرۆڤایەتییت لەدەست چوو
تەکیە و پیرت هەبا بەس بوو
ماڵی خوا بێ تۆ بێکەس بوو
دەتوت کێ لە خۆشیان لاربێ
با بەر بە حۆریان تەیار بێ
تۆ هەر لە شوێن خەیاڵ گەڕای
خۆشیت نەویست ببڕای ببڕای
دنیات دا بە دنیا خۆران
خاوەن زێڕان، خاوەن زۆران
بێ سڵ کردن لێت هاتنە پێش
خانی گێژ و تووتنی خۆش کێش
تا خوێنتیان بۆ مژیا مشتیان
چەندیشتیان بۆ کوژیا کوشتیان
لە ئاکاما بەشیان کردی
هەرکێ چیی بەرکەوت بردی
بریای، خوریای و قویت دریای
تۆ هەر وتت بەتەمای خوای
هیوات بوو خوات بێتە فریا
کەی بەر ئەدا داری بریا
پاش مەرگیش لەبەر دڵکوێری
تۆڵەت بەخودا دەسپێری
***
گەلانی لا لە تەکیە و پیر
لەبیر دەرکەوتن بەتەگبیر
بوونە ڕوناکبیر، بوونە ژیر
پس پسیان کرد گەوی زنجیر
خەیاڵات نەدەلوا بۆیان
هانایان بردە بەر خۆیان
پڕو پووچیان کوژاندەوە
سیسایەتیان بووژاندەوە
من منیان بوو بە تۆتۆیی
ژینیان زۆر بەرەوپێش ڕۆیی
لەسۆنگەی ئازادیخوازی
بازیان دا سەر پیشەسازی
دەریایان پشکنین شەشدانگ
لەسەر باڵان فڕین بۆ مانگ
بە جەوهەرانی هونەروەر
لەسەر زەوی بوونە سەروەر
هیچ جانەوەرێکیان نەبوارد
حەزیا بوون ماریشیان دەخوارد
تۆیش کە لە ورگی ماردا بووی
پێشە شکیاو هاڕدرابووی
ماری کوردخۆریشیان خواردن
بەتوونی ورگیان ئەسپاردن
تۆی کە قەت وەک مرۆ نەچووی
لە نەبوو نەبووتریش بووی
بەعەزمی چوارەم گەیشتووی
هێشتا هەر ئاتاجی نوشتووی
دەمت نەماوە، هەر بەدەم
ناوی خۆت ناوە بنیادەم
دەتبینم لەم دنیای بەرتەنگ
خۆت لێ گۆڕیوم بە چەند ڕەنگ
سووری، شینی، بۆری، کەسکی
خەیاڵ بەرپانی، بیرتەسکی
کرمانج و سۆران و گۆران
بێ ئاگان لە باو لە بۆران
نیوە هەر دەم بە نزایە
نیوەش دڵداری حەزیایە
لە هەموو ژینتا سەرانسەر
هەر جارێک هاتت هاتەبەر
لەبەر وڕی و گێژی و کاسی
خدری زیندەت دی و نەتناسی
ئەو هومێدەت بارزانی بوو
نموونەی لەکارزانی بوو
گەلپەرست و داناو زانا
مەردێ بوو بە هەموو مانا
بە ئازایی بێ وێنە بوو
تاسەنگی لە هیچ کوێ نەبوو
قەستەسەری زۆرداران بوو
دلۆڤانی هەژاران بوو
غیرەت شانازیی پێ دەکرد
هونەر کڕنووشی بۆ دەبرد
نیو چەرخ پتر ئەو مەردە
ئەو نەبەزە، ئەو نەبەردە
بەتەمای دەست و بازووی خۆی
تێکۆشا، تۆ بزانی تۆی
تێبگەی کە تۆش ئینسانی
بەدەردی دیلیت بزانی
نیازی وابوو ئازادت کا
بە کامڕەوابوون شادت کا
بەبێ چەک بەدەستی خاڵی
قۆڵ و مەچەکی هەڵماڵی
لەداگیرکەران ڕاپەڕی
ڕیزی کوردخۆرانی دڕی
تۆپاندنی و چەکی کردن
بەجارێک زەندەقی بردن
قڕی خستە داگیرکەران
ناوبانگی گەییە هەندەران
پەڵەی نەنگیی تۆی سڕیەوە
ئابڕووی دزراوتی کڕیەوە
بەڵام تۆی لە هونەر تەکیو
لە ژیان قەت ئازادی نەدیو
وا فێری نانی نامۆ بووی
دژی ژینی سەربەخۆ بووی
بوویتە بەڵاگێڕی دژت
بوویتە مەتاڵ بۆ خوێنمژت
تفەنگ بەشان، خەنجەر لەمشت
فرشتەی بەختی خۆت دەکوشت
یان بێ لایەن سەیرت دەکرد
حیزەبخۆیی دەرت دەبرد
ڕێوشوێنی بارزانیت نەویست
ئامۆژگارییەکانیت نەبیست
تۆی نەخۆشی لەسەر مردن
قەڵس بووی لە دەرمان کردن
گەر تۆ قەدری خۆت زانیبا
شۆپت شۆپی بارزانی با
ئێستا جاش نەبووی بۆ کەران
ئاڵات دەشەکا لەسەران
عارەبی لە هەر پیس پیستر
لە بەرازی هار نەگریستر
نەیدەکرا هێرشت بۆ بێنێ
سامان و گیانت بڕفێنێ
گوندت بەر بلدۆزەر بدا
مشکی و خۆڵت وەسەر بدا
بەو نیازەی بنەبڕت کا
بە شیمیایی قڕت کا
بکات لە گوندان و شاران
وردە و یەخسیرت بۆمباران
هەڵەبجە و بادینانی تۆ
زێدی پڕ پیت و جوانی تۆ
لە ژێر ئاگر ببنە خاپوور
هەژدیهاش سەیرکەن لە دوور
سەیرە گوتت حەزیا ئامان
بمگەنێ دەستم بە دامان
تۆ چیت لەسەرت بێنە جواو
تۆی وەک کەوی کوڵیو خوراو
دەنگی برچی کوا دەیگاتێ
دژت نانی تۆی دەداتێ
ئێستاش لەپاش دەربەدەریت
دەگەڵ ئەم ژینەی بێ وەریت
هەر بینا بەم زوانەی نەدوور
وەک ڕەشەکانی چەرمەسوور
هەر ناوت بێ و خۆت نەمابی
بی بی جانی سینەما بی
گوتمێ زانستی بە ئاگا
کورد دەفەرموودەی تۆ ناگا
کوردی وا هەژاری کێوی
نازانێ تۆ چ داخێوی