شابازی چیا

یادی هەشت ساڵەی کۆچی بارزانی
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 2 دقیقه  792 مشاهده
هەتا زەمانە دەچێ و دێ و هەتا زەوین لە خولە
هەتا ددانی زوڵم تیژ و بەختی ئێمە کولە
هەتا شەوم بەسەرا دێت و ڕادەژێم بێ خەو
هەتاکوو ڕۆژی ڕەشم دێتەوە و دەبێتەوە شەو
هەتا کەژێکی دەبینم بەخوێنی کورد سوورە
لە کوردستانێ کە وێران کراو و خاپوورە
بەهەڵپ وکەڵپی دڕندان دڕاوە مەڵبەندم
یەکێک و دوو نییە زۆر مۆری پێوە پێوەندم
بەگشتی ئەم گەلە کوردە وەکوو گەلەی بێ شوان
چەقۆی بیانی لەبان گەردنە نە سەر نە زوان
نزار و بێدەرەتان، بێدەروون و دەربەدەرن
لەوەندی بەر پەت و داری پیری بەند و دەسبەسەرن
دەکەن بە چاوگی شەڕ خزم و قەوم و هاوڕەگەزم
بەخوێنی کورد مڕە نامۆ، چ شینی بێ و چ بەزم
گەلی هەناسەبڕاو، بەش نەماو لەژین لە وەڵات
کە دێتە بیری منی دڵبرینی بێدەسەڵات
بەچاوی لێڵەوە دەڕوانمە خێڵە بێکەسەکەم
بە ئاخ و داخەوە داد دادمە کوانێ دادڕەسەکەم
لەکوێیە هەڵمەتی شابازەکەی چیا و ڕازان
ببێ بە تۆڵەستێنی گرۆی بەلەنگازان
بکێشێ خەنجەرێ مووکار لە حاندی نامەردان
ببێ بە ڕێبەری جاران لە هۆزی سەرگەردان
هەمیشە مەردی یەکەم ئەو بووە لە دنیایێ
چلۆنە ئەمڕۆ لە مەیدانێدا گوڕەی نایێ
دەڵێن چ بەهرە دەدا داد نەماوە بارزانی
لەشی لەخاکی ڕەشایە و لەلای خودا گیانی
ڕۆحم دەڵێ بە دڵم گفتی وا دەدڵ مەگرە
ئەوی بە مەردی ژیاوە هەتا هەتا نەمرە