ئەستێرەیەکی گەش

یادی حەوتەمین ساڵی کۆچی بارزانی
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  783 مشاهده
دەڵێن ئەوانەی خۆشەویستمانن
تا لەبەر چاون لەبەر دڵانن
یەکتر نەدیتن، لێک دووربوونەوە
دەبن بەمایەی لەبیر چوونەوە
بەڵێ بۆ کەس و دۆستی ئاسایی
سەبووری دەرە مەودای جودایی
نەک بۆ مەردێکی بە لەش نەدیوە
ناوی تەواوی دنیای تەنیوە
ئەو مەردەی کە بۆ لەبیر چوون نابێ
با بە ڕوواڵەت لە گڵکۆشدا بێ
***
کاکە بارزانی ئەو خودان ناوە
کە کورد لە سۆنگەی ئەوڕا ناسراوە
هێژای بلیمەت لە ئازایەتی
بارانی ڕەحمەت بۆ کوردایەتی
چاکترین ڕێبەر چاکی بێ وێنە
ئەو لە داگیرکەر تۆڵە ئەستێنە
ئەو ترسێنەرەی دوژمنانی کورد
ئەو حەقسێنەرەی مەزڵوومانی کورد
ئەو سەر سەروەرەی ئازای ئازادە
ئەو دادپەروەرەی دژی بێدادە
کێ بێ لەدنیا با دڵکوێریش بێ
زۆریش گێژ و هوڕ زۆر بێخێریش بێ
دڵی بێ و بڵێ بارزانی نەما
خوا نەکا قەڵای هومێدان ڕما
کێ بێ هەر تۆزێ کوردی خۆش بوێ
لە یادکردنی هەرگیز بسرەوێ
***
نەمازە منێک، منێکی هەژار
خاکەی هاڕاوی چەرخی ڕۆژگار
منی هیچ و پووچ لە هیچیش کەمتر
لەخەم، لەجوودی سەرم بەتەمتر
شڕە سیپاڵێک کەس نەیدەویستم
چیم دەگوت هیچ کەس لێی نەدەبیستم
جگەر بریندار، کز و لەش بەبار
هەڵوەدای زەبری نەیاری زۆردار
لەدنیای بەرین تەنگاو، سەرگەردان
ئاتاجی دەستی خوێڕی و نامەردان
ئاوارە لەدەشت، پەتیارە لە کێو
دەوریان تەنیبووم جن و خێو و دێو
ڕۆژم شەو، شەوم پڕ لەداخ و دەرد
فرمێسک و چاوسوور دیم و ڕوومەت زەرد
ڕێ نەدیو، پەلم دەکوتا کوێرانە
کونداسا لانەم لەناو وێرانە
هەناسە و دڵ سارد ئەسرین گەرم و گوڕ
تا بینەقاقەم چەقیبوومە قوڕ
تا دەبزووتمەوە پتر ڕۆ دەچووم
نوقمی گێژاوی ناهومێدی بووم
چاوم دەگێڕا لەڕووی ناچاری
بۆ مەرگێک شایەد بمبێ ڕزگاری
لەپڕ لە ئاسۆی پڕ تەمی ژیانم
ئەستێرەیەک گەش خۆی دا نیشانم
تیشک ئەنگێوتر لە کاروانکوژە
ڕەواندی هەرچی تاریکی و مژە
سپیی هەڵگێڕا ڕەشایی تاڵەم
وشکایی هێنا بەئاخ و ناڵەم
بزەی هاوێشتە سەرلێوی سیسم
تەرەو ئاوابوو بەختی نەگریسم
هێز و تین هاتن بە هانامەوە
خۆشی و گەشی و هات، هات بەلامەوە
***
ئەو هەسارەیەی وێنەی جوانی بوو
زەردەی بەزەیی کاک بارزانی بوو
کەتمە بەر سایەی پیرۆزەی پیرۆز
ساردە زستانی کردم بە نەورۆز
لەوساوە سایەی ئەوبوو بە ئەنوام
بوومە بنیادەم بە مرۆ ناسرام
ڕزا، هەڵوەرا تووڵی رکەی بەند
ئازا و ڕزگاربووم لەداو، لە کەمەند
توونی، نەبوونی گڕی کوژاوە
گرێی زمان و دڵم کراوە
بوومە بولبولێک لە باخچەی شادی
چریکەم دەهات بەرەو ئازادی
هەر کردەوەیێ زانیم و توانیم
بەتان و پۆوە کڕیی بارزانیم
***
هەرچەند بەڕواڵەت لێی هەڵبڕاوم
بە واتەی خەڵک سێوی کراوم
چۆن باوەڕ دەکەم ئەو بابە گەورە
ئەو هەژار دۆستە، ئەوسایە چەورە
سایەی لەسەر من ڕەویبێتەوە
ڕێزم دوای بەرزی نەویبێتەوە
بارزانی لەمن جوێ نابێتەوە
ڕەنگی وەفای ئەو قەت ناچێتەوە
تا لەسەر زەوین ژینێکم هەیە
تا لە ڕەگ و خوێن تینێکم هەیە
بارزانی لەدیار دڵ و گیانمە
یادی ئەو ویردی سەر زمانمە
دوای مەرگیش ئەگەر پرسییان نیشانیم
دەڵێم هەژاری کاکە بارزانیم