هەژار ئامۆژگاری بۆ شێرکۆی کوڕی خۆی دەکا

از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  782 مشاهده
شێرکۆ کوڕی خۆشەویست و ژیرم
زاخاوی مەژیم و هۆش و بیرم
پنج و ڕەگەزی دڵ و گییانم
خونچەی شەبەقی باخەکەی ژیانم
هێشتا بەتەمەن مناڵ و کاڵی
وەک دەربەدەریم دووازدە ساڵی
هەرچەندە کوڕی منی هەژاری
دووا رۆژی هەژارە نادیاری
لێم روون نییە پاشی چت بەسەر دێ
هیوام گەلێ پێتە ببیە مەردێ
مەردێکی بەکار و چاپک و زیت
بیرێ بکەی و بزانی تۆ چیت؟
دەردی گەلەکەت بزانی چۆنە
بۆت دەرکەوێ چەند برینی کۆنە
خانی لە هەزار و سەد ژیاوە
ئەو کاتە لە ئێمە چۆن دوواوە
حەفتاوو حەوت لە سێسەتیش چوون
پێشتر لەوە کوردی ئێمە مردوون
ئەودەم کە هەیان بو میرێ بۆ خۆ
ئەمڕۆکە پساوە رایەڵ و پۆ
بوین ئەودەمە پشکی تورک و تاران
زۆر ئێستە خراترین لە جاران
نەوتت کە ژیانی ئەوروپایە
بۆ تۆ نییە تیری شەوچرایە
بێگانە لە نیشتمانی ئێمە
تێر و قەڵەون بە نانی ئێمە
خۆمان هەمو کوێر و کوتر و برسی
ژین کورت و ئەویش لەگەڵ مەترسی
نابێ بە زمانی خۆ بخوێنین
ناشێ کە هەناسەیەک هەڵێنین
کوژران بە هەزار هەزار لە لاوان
ئازادیخووازی ببووە تاوان
ئێستەش لە سەر ئەم ژیانە تاڵەش
پاش رژتنی هێندە خوێنە ئاڵەش
کورد هەر لە خەوی نەزانیدایە
هەر پێکەوە گەڕ و هەرایە
بێگانەپەرستە خۆنەویستە
بۆ هاوڕەگەزی کەڕ ونەبیستە
بۆ یەکتری دوژمن و نەیاران
بۆ نۆکەری تابڵێی لەبارن
ئەو چاخە کە خانی پێی ژییاوە
فەرموویە هەرا لە سەر دراوە
وێستێکە هەزار ئەوەندە چرووکن
بۆ پوولێ لە تای تەرازوو سووکن
خۆ هەرچی دەخوێنی پیت و نیوێک
ئەو دەچتە کەلێک و گەل لە شیوێک
لای شەرمە کە هەر بەکوردی بدوێ
بۆ چارەڕەشیی مە «بۆگەنە خوێ »
خۆی ناو دەنێ مل بەزەنگی پێشڕەو
دەتداتە دەسی دژت وەکو کەو
زۆرزانە لە کاروباری هەرکەس
ئاگای لە ژیانی خۆی نییە و بەس
رەنگن هەموو کەسک و سوور و شینن
کوردایەتی زۆر بەکەم دەبینن
کێ هونەری کوردە یان هونەروەر
کەم بایی ترە لە توور و گێزەر
وا بیر مەکەوە ئەمەم درۆیە
بۆ راستیی نموونە بابی تۆیە
کاتم ئەوە گەییە سی و نۆ ساڵ
هەر ساڵە لە پار پتر ژیان تاڵ
دڵخۆشی لە رووپەرری ژیانم
هەر هێندە ناوەکەی دەزانم
ئاوارە لە نیشتمانی خۆمم
ئاواتەخوواز بەژینی دۆمم
واڵا دەس و دڵ پڕ و پەژارم
سەرباری هەژاری دەردەدارم
هەر مانگە لە دێیەک و لەجێیەک
هەر رۆژە میوانی خانەخوێ یەک
دەرکێ نییە دادی بۆ بنێرم
هەردێ نییە خۆمی لێ وەشێرم
کوردایەتییە گوناە و سووچم
وەک مۆمێ دەساچم و دەسووچم
هەرچەندە کە نیمە هیچ دەرووێ روون
هەر دژ دەگەڕێ گەڕانی گەردوون
دەستم لە هومێدی بەر نەداوە
چاوم لە پسانی بەند و داوە
پێم وایە دووا بە ڕۆژی رەش دێ
زۆر ناچی کە باو و رۆژی مەش دێ
جا با پتریش بەدەرد و کول بم
با رووت و کڵۆڵ و داخ لەدڵ بم
سەد هێندە پەژارە لێم وەکۆ بێ
کورد هەر دەبێ رۆژێ سەربەخۆ بێ
بامن بە هەژاری بچمە بن گڵ
کورد رۆژێ دەبن بە گوڵ لە سەر چڵ
هەر هێندە تکام لە تۆیە ڕۆڵەم
مەڕوانە کە ئەم شڕ و شڕۆڵەم
زۆرتر لە منیش کز و هەژار بی
بێ بار و نزار و لێو بەبار بی
دەربەس مەبە، بۆ گەلت بکۆشە
ژەهراوی لەسەر بنۆشە، خۆشە
باوکی تۆ چۆن بوو شوێنی بگرە
حیزانە مەژی بەمەردی بمرە