ڕەمەزان نامەی ١٣٢٣ - بۆکان
از کتاب:
بۆ کوردستان
اثر:
هژار (1921-1991)
3 دقیقه
785 مشاهده
خێڵەکەی شەعبان هەر کۆچی لێنا
مانگی محبارەک تەشریفی هێنا
داسی زەردی کرد بە پێش قەراوڵ
خورپەی هات خەڵک لەجەرگ و لە دڵ
هەموو تێگەیین لە فیک و هۆیان
دوعای مەحفووزیان دەخوێند لە خۆیان
هیچ نەگەڕاوە بە پاڕانەوە
تەشریفی هێنا ناو بۆکانەوە
بەو دەنگی ناخۆش «عەبە»ی گزیری
قاوی کرد شەوێ بە بێ خۆگیری
دەس دەنە داس و وەرنە هەرەوەز
حوکمی حاکمە و خۆ مەکەن ناحەز
هەمووی دەستی کرد بە بۆڵە و پرتە
لەهەموو قۆڵێک پەیدابوو سرتە
لێکڕا هەڵاتن، ما، هەمە باهەم
هەژار و ڕۆژو وەک بەنگین و مەم
شەوی هەرمابوو چوومە سەرکارێ
بێ ئاواڵ درووم هەتا ئێوارێ
نە چا، نە سیغار، نە نان، نە ئاوێک
نە بن سێبەرێک، نە خەوتن تاوێک
هەتا تاریکان نەمحابوو حاڵێ
بە سەد کلکەلەق گەیمەوە ماڵێ
تەمام بوو هەڵێم، لە پڕێکی ڕۆژوو
دیسان وەک دۆڵپا سواری شانم بوو
بە «خەیرون لەکوم» ئیقناعی کردم
پێی بۆ پێوەندی نیەتێ بردم
دەمی دادرووم بە «خەیتی ئەبیەڵ»
«سومحە ئەتیممو »ی لێ کردمە مەتەڵ
بەری شێست باقە، ڕۆژێ شازدەبەر
هەتا ئێوارێ پێی دەبردمە سەر
جێی سی تەغاری پێ دروومەوە
هێزم لێ بڕا، مەحو بوومەوە
بەزەی پێم داهات، فەرمووی جارێ بەس
سبەی مۆڵەتە بڕۆ، مەرەخەس
پەڵێک جۆ ماوە لە شەشەکانێ
ئەویش بە شەش ڕۆژ دە دروویەوانێ
ئەمجار یەکجاری نامێنێ کارت
تا ساڵێکی دی خوا ئاگادارت
***
هەر پڵاوم خوارد، پەیدا بۆوە هێز
جا وەرە و هەڵێ بەرەو قەرەگوێز
وا دیسان ئاغا پەنام هێناوە
نەجاتم نەدەی خراپ قەوماوە
هەزار دەروێشی لێ کۆبوونەوە
با پەڵە جۆکەی بۆ بدروونەوە
***
هەر کەس ساز و ڕووت «هەرچی شک دەبا»
جێژنان بۆ ئاغا دیارییەک دەبا
من کە دوعاگۆم دوعایە دیاریم
هەر ئەمەی تێدا حوجرەی هەژاریم
جێژنت پیرۆزبێ، پیرۆزە سایە
لە خودای بەرز و مەزنم تەمایە
تا دەفەی دەروێش دەبێتە فڕۆک
تا هەموو شاعیر دەبن ساز و کۆک
هەتا زەرگ و سیخ دەبێتە بڕنوو
تا ئاغا دەبن بێ کیبر و خۆشخوو
تا کورد دەبنە یەک، هەموو دەخوێنن
خۆ لە ژێرباری دیلی دەردێنن
تۆ هەر بمێنی بە ژیانی شیرین
تا هەزار هەژار لە سایەت بژین