خەیاڵ پڵاو

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 3 دقیقه  1147 مشاهده
عابدێک کونجی مزگەوتێکی گرت
بە شەو و بە ڕۆژ عیبادەتی کرد
بەقاڵێکیش بوو، دراوسێی مزگەوت
جار بە جار چاوی بە عابد ئەکەوت
وتی: ئەم پیاوە کاسبی ناکا
چاوەڕێی خێرە بۆ من وا چاکە
بە خێری مردووم هەموو ئێواران
هەنگوینی بەمێ لەگەڵ دوو سێ نان
بەڵکوو تێر بخوا و ببوژێتەوە
ئاگری برسیەتی بکوژێتەوە
بە دڵێکی تێر، بۆ شەونوێژ هەڵسێ
بە دۆعای ئەو خەڵک لە خەم بڕەخسێ
بەو نییەتەوە لە ڕێی خوادا
نان و هەنگوینی بە عابد ئەدا
چەند ڕۆژێک عابد نەفسی خۆی تێر کرد
کووپەڵەی هێنا و پاشەکەوتی کرد
نانی وشکی خوارد هەنگوینی هەڵگرت
زۆری پێ نەچوو کووپەڵەی پڕ کرد
ڕۆژێکیان ڕوانی وا کاسەی پڕ بوو
نەفسی غالب بوو تەمای لێ خڕ بوو
کووپە هەنگوینی لە تاقا دانا
بۆی کەوتە خەیاڵ چاوی خۆی لێک نا
وتی: ئێستا ئەم هەنگوینە جوانە
دە ڕووپیەم بەنێ هێشتا هەرزانە
وا چاکە ئەمڕۆ بیبەم بیفرۆشم
بیدەم بە مەڕی شیریی بیدۆشم
ساڵی ئایەندە مەڕ ئەبن بە دوان
زاووزێ ئەکەن بۆم ئەبن بە ڕان
ڕۆن و خورییان ئەکەم بە پارە
ئەیدەم بە موڵکی خورگە و ئاوبارە
موڵک لە دەست ئاغا و بەگزادە ئەبڕم
موڵکی مەلیکە خەیاڵیش ئەکڕم
موهەندس دێنم لە ئەوروپاوە
بە سەر گردەکەی لای کانی باوە
کۆشکێک ڕاکێشم خەوەر نەقداری
ناوی خۆم ئەنێم شای کوردەواری
خەیاڵ بێ و بۆر بێ، زۆر بێ با خام بێ
پیاوی خەیاڵباز ئەبێ ناکام بێ
بای دایەوە سەر خەیاڵی هەنگوین
خۆی بردە ڕێزی شای خاوەن نگین
ناردی کچی شای عەجەمی هێنا
نەدی و بدی بوو ئاخری نەهێنا
حازر و بزر کوڕێکی لێ بوو
بۆ جێنشینی ئومێدی پێ بوو
کوڕەکە ڕۆژێک لە ڕوویا وەستا
جنێوی پێدا، قینی لێی هەستا
دارێکی لێدا بە دەم دارەوە
هەنگوین بە ڕیشیا هاتە خوارەوە
تومەز دارەکەی کەوت لە کووپەڵە
هەنگوینەکەی بوو بە دڵوپەی پەڵە
بە قاڵبێک سابوون ڕیش پا بووەوە
هەنگوین و خەیاڵ لێک جیا بووەوە
ئێوارەی لێ هات بە سکی برسی
لە شەونوێژەکەی پێشووی نەپرسی
کۆشک و ژنەکەی کەوتەوە بیری
ئەمجا نەیزانی بۆ کامیان بگری
بە نائومێدی لە نوێژی لادا
بەو بەنگوباوە خەمی بە با دا
بە شوێن خەیاڵا کەوتە بەنگ کێشی
شاهی لە دەست چوو کەوتە دەروێشی
پێ هەڵخزێنە وەسوەسەی ئیبلیس
ڕیشی تەماعکار بە قنگی موفلیس