عەشقی پاک
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
3 دقیقه
793 مشاهده
دەروێشێک مەیلی دنیای نەما بوو
بە یادی خواوە ڕوو لە سەحرا بوو
ڕۆژێک بۆ جومعە هاتبووە ناو شار
کچێکی جوانی دی لە ڕاگوزار
نیگاهێک هات وەک تیر دای لە جەرگی
گەیاندیە کاتی ئاکامی مەرگی
لاڵ و پاڵ لێی کەوت، بێ هۆش، بێ زبان
بەزەییان پیاهات خەڵکی بۆی گریان
تومەز ئەو کچە کچی وەزیر بوو
جوان و دلێر و ئاقڵ و ژیر بوو
ئەم ئەفسانەیە کەوتە شارەوە
باوکی بە دایکی وت بیشارەوە
ژن وتی: ئەمە ئەفسانەی عەشقە
شۆرەتی شێتی مەجنوون سەرمەشقە
یا ئەبێ دەروێش لە ناو دەربرێ
ئەو ساتەش خوێنی ناحەق ئەتگرێ
چار هەر ئەمەیە کە دەروێش بێنی
بە هەڕە و گوڕە وای بترسێنی
کە ڕوو بکاتەوە سەحراکەی جاران
جارێکی تر خۆی نەخاتە مەیدان
یا بارێکی وای لێنێ هەڵنەستێ
کە باری قورس بێ ئیتر ئەوەستێ
وەزیر دەروێشی بانگ کرد بە خەڵوەت
پێی وت: ژنهێنان ناکرێ بە هیممەت
سەد گەوهەری وای دانەی شەوچراغ
بدرەوشێتەوە بە شەو لە ناو باغ
لەگەڵ سەد گورزی دانەی مرواری
هەر دانەیەکی بەهای خەرواری
ئەمانە بێنە کچت ئەدەمێ
گیرۆدەت ناکەم ساتێک و دەمێ
دەروێش کە ئەمەی بیست لە خۆشییا
کەشکۆڵی هەڵگرت ڕووی کردە دەریا
بە جۆش و خرۆش، یاهوو یا من هوو
مەلیکەی دەریای هێنایە بەر ڕوو
وتی: بەو خوایەی عەشقی خستە سەر
ئێستە دەریاتان لێ ئەکەم بە بەڕ
ئەم کەشکۆڵەتان لێ ئەخەمە کار
دەریا وشک ئەکەم نەمێنێ دیار
بانگ کە، بە کۆمەڵ گەوهەر دەربێنن
لە گوێ ئەم بەحرە هەڵیڕژێنن
مەلیکەی دەریا، جاڕی دا جاڕێ
گەوهەر دەرهێنن هەر یەکەی بارێ
ئیتر بە جارێک گەوهەر دەباری
بۆی بوو بە خەرمان دانەی مرواری
دەروێش هاتەوە چووە لای وەزیر
وتی: ئەی مەردی بە هۆش و تەدبیر
ئەگەر تۆ ئەوسا بتکوشتمایە
ئەبوو تۆش بە زوڵم کەست نەمایە
ئێستا خوا ویستی لە پەردەی پەنهان
سڕڕی عەشقی پاک بخاتە مەیدان
ئەمرم ڕەوا بوو بەسەر دەریادا
ئیتر لە عەشقی مەجازیم لادا
کچ و گەوهەر و مرواری بۆ تۆ
ڕوو بکەمەوە خوا، نەبم ڕەنجەڕۆ
چونکە ئەمانە نامێنێ بۆ کەس
هەر مەیلی خوایە باقی و فریادڕەس
قودرەتی خوایە، هیممەتی مەردان
دای بە مێروولە حوکمی سلێمان
«ئەمانە پەندی پێشوونیانە
کە بە زمانی مەل وتوویانە»
«هەرسێ پەندەکە زۆر بەهادارن
لەجێی خۆیانا گەلێک بەکارن»
خۆ ئەگەر بێت و خۆشەویستی خوا
دەست کەوێ عاشق تێری پێ ئەخوا
مەستی مەیلی خوا زەوقێکی تیایە
ناگاتە پایەی ئەو ئەم دنیایە