بە زمان نییە، ئیخلاس حسابە
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
734 مشاهده
بەردتاشێک عەشقی خوای کەوتە سەر
خوای خۆش ئەویست و لە ڕا بێ خەبەر
بۆ خواپەرستی چووە کێوی توور
شاخەکەی تاشی بۆ خۆی کرد بە ژوور
وای ئەزانی خوا وەک ئێمە وایە
دەربەستی نان و نوێژ و کەوایە
ئەیوت: خوای خۆم بینایی چاوان
ڕۆژێک وەرە لام ببە بە میوان
دەست و پێت ئەشۆم بە سابوون و ئاو
ناڵچەی پێڵاوت ئەخەمە سەر چاو
ئەچم لە لای شوان شیرت بۆ دێنم
عود و بخوورت بۆ ئەسووتێنم
ماندووی سەر خەوێک بشکێنە لە لام
ئێشکت ئەگرم، مەترسە ئازام
ئەپاڕایەوە و هەروا ئەیناڵان
بە سۆز و گریان جەرگی ئەسووتان
تا ڕۆژێک مووسا چووە کێوی توور
گوێی لە دەنگی بوو ئەیناڵان لە دوور
چوو پێی وت: کابرا بۆچ تۆ نازانی
خوا بەشەر نییە بێت بە میوانی
جارێک من وتم: خۆتم نیشان دە
فەرمووی: نامبینی خۆت ئەزیەت مەدە
سەنگتەراش گریا بە دڵشکاوی
خوا فەرمووی: مووسا تۆ ناتەواوی!
خۆشەویستی من بۆچ ئەڕەنجێنی؟
ئەو دڵەی منی تیام ئەیشکێنی؟
ئەوی بە زبان زکری من ئەکا
هیچە ئەم بۆ من وا کێو کون ئەکا