بەیتی مشک و پشیلە
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
876 مشاهده
لە بیرمە جارێک باوکم بۆ ئێرانمکان
بە سەفەر چووبوو سەفەری خێران
هەندێ کتێبی بۆ من هێنابوو
بەیتی پشیلە و مشکیشی تیا بوو
نووسیبوی ڕۆڵەی خاوەن عەقڵ و هۆش
بیخوێنەرەوە بەیتی گوربە و موش
پشیلە مشکی توخن نەدەکەوت
بە فێڵ خۆی خستە کونجێکی مزگەوت
مشکان بە شایی و بە تلی لی لی
دیارییان بۆ برد بە قلی و بلی
مژدەیان ئەدا پشیلە عابدە
نەزەر لە مێچکە ناکات زاهیدە
بە دڵێکی ساف لێی گردبوونەوە
بە دەست لەملان لێی ورد بوونەوە
ئەیانوت: ئۆخەی، ئەو سمێڵ جوانە
چۆتە کلیلە، ئەو دەم و دانە
زۆریان پێ خۆش بوو کە نایانگرێ
پەلاماری دان کەچی لە پڕێ
چوار و پێنجی گرت، بە ڕاست و بە چەپ
سێ و چوارێکیشی هاویشتە ژێر لەپ
تۆڵەی ئەو بەینەی پێشووی لێ سەندن
بە زیکە و جووکە سەری هەڵکەندن
هەرچەند کە سۆفی بە کەوڵ و پۆست بێ
چۆن باوەڕ ئەکەی جانەوەردۆست بێ
خوویەک سروشتی ئەزەل بیبەخشێ
بە هیچ ناگۆڕێ بە هیچ نانەخشێ
ئاین و ئۆینیش زوو دەردەکەوێ
درۆزن زەحمەتە ناشتای بەرکەوێ