سەرگوزەشتەی پیرێژنان

بۆ مناڵانی گوێ ئاگردان
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 3 دقیقه  501 مشاهده
پوور تڵێخان بزنێکی بوو
سبەینان بۆ بێرە ئەچوو
کیتەڵەی ئەبرد ئەیدۆشی
لە ماڵەوە دایئەپۆشی
ڕۆژێک مام ڕێوی دۆزیەوە
سەری لادا بە دزیەوە
مڵچە مڵچ شیری هەڵقوڕاند
پوور تڵێخان کلکی پەڕاند
ڕێوی ڕایکرد بۆ ناو ڕێویان
لێیان کرد بە چەپڵەڕێزان
هەی ڕێوی کلکی بڕاوە
ئێجگاری ئابڕووی تکاوە
ڕێوی هاتە لای تڵێخان
لێی پاڕایەوە بە گریان
وتی: کلکە قوڵێم وێدە
داپیر وتی: شیرم پێدە
ڕێوی وتی: شیرم نییە
داپیر وتی: ئەی بز چییە؟
ڕیوی ڕۆیشت سەری کز کرد
خوازبێنی شیری لە بز کرد
وتی: بز شیر وە داپیر دا
داپیر کلکە قوڵێم وێدا
بز وتی: با دار گەڵا دا
گوانی بز لە شیر قەڵا دا
ئەمجا بز شیر دا بۆ داپیر
کلکە قوڵێت بێتەوە گیر
ڕێوی هەڵسا چوو بۆ لای دار
گریا و دەستی کرد بە هاوار
دار وتی: با کانی ئاو دا
لقی من سەوز بێ و گەڵا دا
ڕێوی ڕووی کردە لای کانی
مشووری بەر ئەویش هانی
کانی وتی: کیژ چۆپی کا
ئارەقی خۆی لە کانی کا
کانی ئەوسا ئاو بۆ دار دا
دار سەوز بێ و گەڵا بە بار دا
گەڵا بۆ بز بێ و بز شیر دا
لە تۆڵەی شیری داپیردا
داپیر شیری دی لە جێدا
ئەوسا کلکە قوڵێی وێدا
هاواری بۆ لای کیژ هانی
کیژان بێنێت بۆ سەر کانی
کیژان کەوشی سووریان نەبوو
پەنایان بردە بەر کەوشدروو
کەوشدروو ناردیە لای مامر
هێلکەی بۆ بکات بە قڕەقڕ
مامر، دانی لێ داوا کرد
هاواری بۆ بەر جووتیار برد
جووتیار دانی دا بە مامر
مامر چێکڵدانی بوو پڕ
بە گارەگار هێلکەی بۆ کرد
بۆ وەستای کەوشفرۆشی برد
وەستا کەوشی بۆ کیژ دروو
کردیانە پێیان زوو بە زوو
چۆپی لەسەر کانی کرا
لە کانی ئاو بۆ دار برا
دار گەڵای دا و بز شیری دا
ڕێوی شیری داپیری دا
داپیر کلکە قوڵێی دایەوە
بە بنێشتەتاڵ گیرسایەوە
ڕێوی چووە ناو ڕێوییان
لێیان کرد بە هەللا کێشان
وتی: بۆنی بنێشتەتاڵ دێ
دەریان کرد هاتەوە بۆ دێ
دەستێک جلی جوانی دزی
کردیە بەر بە دەعیە و فیزی
هاتە ناو ڕێویان زوو بە زوو
وتیان: هەی ئەمەت لە کوێ بوو؟
وتی: لە بن گۆمێکایە
سەد ئەوەندەی دی تێدایە
وەرن بچین نیشانتان دەم
وەک من دەریبێنن بە دەم
بردنیە سەر گۆمی سەر ئاو
یەکێکیان خۆی خستە بن ئاو
بە بڵقەبڵق ئەو دەخنکا
ئەیوت: ئەوا بانگتان ئەکا
هەموو خۆیان تێ فڕێدا
بە جارێک خنکان لەوێدا
ڕێویش دنیای نەبردە سەر
کردەی بەدی خۆی هاتە بەر
ڕاوکەرێکی لێ پەیدا بوو
کوشتی و بازاڕی کۆتا بوو
هەرچی وەک ڕێوی فێڵباز بێ
تووش ئەبێ نابێ دەرباز بێ
خوا ڕاستە و ڕاستی لا خۆشە
چەوتیی سەرەنجامی بۆشە