بەزەیی

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  704 مشاهده
بابە: سەیری ئەم بەرخە کە چەند جوانە
ڕۆڵە: ئەوە بەرخی مەڕی خۆمانە
بابە: توخوا، با ئەم بەرخە هی من بێ
وای لێ ئەکەم قۆچ لێ نەدا و هێمن بێ
ڕۆڵە: تۆ ئەم بەرخەت بۆچی خۆش ئەوێ
باڕەی خۆشە و هۆگرمە و دووم ئەکەوێ
وا دام بە تۆ، چۆنی بەخێو ئەکەی ئەیزانی
بیشۆ، پاکی ڕابگرە تا ئەتوانی
ئەم بەرخە گەر بەخێو بکرێ و بێت بە مەڕ
لە سێو و مێو چاکتر بۆمان دێتە بەر
شیری ئەبێ ئەیخۆینەوە سبەینان
سەرتوێژی ماستەکەی ئەخۆین لەگەڵ نان
کەشک و شیرێژ و سوێرەکە و پەنیری
ئەیخۆیت و بۆ کەس و کاری ئەنێری
خوری ئەکەین بە جاجم و پۆپەشمین
بە بەرماڵ و جەواڵ و شاڵ و سەرزین
بە زاووزێ، پەرە ئەگرن، زۆر ئەبن
ڕانێکی لێ دێتەبەر نایەت لە بن
کە میوان هات، سەری ئەبڕین گۆشتەکەی
نا، نا، توخوا بابە ئەوە قەت نەکەی
بەستەزبانە، خانەزایە، شیرمژە
وەک ئێمە ژینی خۆش ئەوێ مەیکوژە
بەرخێک کە ئەوەندە چاکەی بێ بۆمان
سەری نەبڕین گوناهـ نەکەین بۆ خۆمان