سەرداری زومرەی فەلاکەت کێشان

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 2 دقیقه  686 مشاهده
پیرەمێرد ئەم هەڵبەستەی خوارەوەی بۆ «مەحموود جەودەت» وتووە. مەحموود جەودەت یەکێک بووە لەو کوردپەروەرانەی کە لە شاری بەغدادا ژیاوە. برای ڕەشید جەودەت و حەمید جەودەتە، لە سەرای کۆنی بەغدادا وەزارەتی مالیە - ڕوستەم حەیدەری کوشتووە لەسەر مافێکی تایبەتی خۆی. لەبەر ئەوە لە ساڵی ١٩٣٧دا کراوە بە سێدارەدا. پیرەمێرد ئەم هەڵبەستەی بۆ ئەو کارەساتە وتووە:
سەرداری زومرەی فەلاکەت کێشان
فەرمانی مەلەک دەروون پڕ ئێشان
بادەی غەمخوردەی مەرگی ناکامان
برینی ناسۆر جەرگی پڕ زامان
پەردەی دڵ بە ئێش مەودای غەم پارە
دەرد لە بانی دەرد دڵەی ئاوارە
وەختی لافاوی چاوم وەک باران
تەمی ئەبەستە سەر ڕووی ستاران
هەناسەی سیام لە بۆکڕووزدا
بەردی دا بە ڕۆح بردالعجوزدا
دەرامەتیەکەی ئازیزم دەرکەوت
بارانی گریەی یارانم بەرکەوت
خۆ من دەمێک بوو چاوم ئەفڕی
فرمێسکی خوێنم لە چاو ئەسڕی
خاترم چەند ڕۆژ خەستەی خەمان بوو
چاوانی سەرم وەک چاوان وا بوو
ئەمجا واوەیلا و چەمەرەم بەرز بوو
ژیانم شێوا، شینم لا فەرز بوو
چرای ڕووناکیم لێ کوژایەوە
دەرگای ژیانم داخرایەوە
شای شادیم شکا ڕووی کردە فرار
بەیداغی شادیم هاتە نیوەی دار
بێپەروا ناڵام بە لاوانەوە
کەوتمە شێوەنی ناو لاوانەوە
ئەم چەند شیعرانەی ئەخوێند بە گریان
دڵی دڵبەردی ئەکرد بە بریان
ناکامی ئەیام کامەرانیم ڕۆ
بەر نەخواردووی غەم زیندەگانیم ڕۆ
فدای وەتەن و دڵسۆزی میللەت
نموونەی سەخا و ئازایی و غیرەت
سەر و ماڵی خۆی بۆ ئێمە دانا
بە بەدنمەکی نەمانوت: دانا
ئۆف ئاگری لە ناو جەرگا ئەگڕێ
زوبانم سووتا و قسەم بۆ ناکرێ
نازانم پیشەی مەردی تەواو کەم
بە یادی چارەی جەرگی سووتاو کەم
وا من تای تاری شیعرم بڕاوە
شەوی تارم هات نۆرەم تەواوە
دەردی مەرگمە ڕۆینم دیارە
تۆخوا سا ڕەشۆڵ! نۆرەی قەتارە
هەی ڕۆڕۆیەک بکە، بلاوێنەوە
سەنگی سەختی دڵ بتاوێنەوە
سەرسامی ماتەم زمانی بەستووم
پەکی زایەڵەی مەرسیەی خستووم
لام ئاشکرایە کە ئیتر ئەمرم
ئاگر بەربۆتە تۆماری شیعرم