نەورۆزنامەی نەسرین و پەروین

از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
 1 دقیقه  1 مشاهده
پار دێتە بیرم وەک خەوێ
کە دیبێتم پێرێ شەوێ
ساڵێکی وا تازەم دەوێ
کە کورد بەهاری بەرکەوێ
وەتەنی پێ بێت بە گوڵزار
مژدە بێ ساڵ گەڕایەوە
ئاگری نەورۆز کرایەوە
بەفری زستان توایەوە
گژ و گیا و گوڵ ژیایەوە
نوخشەش بێ لە کوردی هەژار
گوڵ لە باغا خۆی دەنوێنێ
بلبل بە ڕوویدا دەخوێنێ
هەور مرواری ئەپژێنێ
شەماڵ زیندەگانی دێنێ
نێرگز مەستە و چاو بە خومار
وا فەرشی چەمەن ڕاخرا
گوڵاڵە بوو بە شەوچرا
گوڵ دەستەیان بەست وەک برا
نەسرین و لاولاو تێکخرا
هاتنە لەنجە سەرو و چنار
بلبل شەو بە ئاواتەوە
بادەی شەونم ئەخواتەوە
دەگری بە مناجاتەوە
بەڵکوو گوڵ دەم بکاتەوە
ئەو پێکەنێ و ئەم بگری زار
وەنەوشە وەک من شینپۆشە
لە سوجدەدایە خامۆشە
دڵی بۆ گریان بەجۆشە
بەهاری لە لا ناخۆشە
بێزارە لە نەغمەی هوزار