نەوبەهار
لە ساڵی ١٩٤٠دا بە ناوی «زەڵمی» یەوە وتوویەتی
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
1 دقیقه
1014 مشاهده
یاران نەوبەهار، یاران نەوبەهار
خوا نەشئەیەکی وای دا بە بەهار
گیاندار و بێگیان، زەوی و گیا و دار
خرۆشا و زەڵمیش کەوتە هاڕەهاڕ
سەری نایە دەشت وێڵ و بێ - قەرار
بە شۆڕی شێتی خۆی ئەدا لە دار
***
شارەزوور بەرگی سەوزی لەبەردا
کەمەری زیوی چەم لە کەمەردا
هەوای بووکێنی تازە لە سەردا
چەند خوازبێنیکەر لە داخ و دەردا
دەستی لە زاوای نێرەمووک بەردا
لە دەردیسەری نابەکار بێزار
***
نێرگس بە دیدەی شۆخ و شەنگەوە
پۆڕ بە کناچەی خۆشئاهەنگەوە
ڕاوکەر بە شوێنیا بە تفەنگەوە
نێرەکەر بە جۆش زەڕ و دەنگەوە
هەندێ بە سەودای قەنگەی بەنگەوە
هەریەک بە ڕەنگێ کەوتوونە ڕووی کار