بەهاری کەنار شار
از کتاب:
دیوانی پیرەمێرد
اثر:
پیرمرد (1867-1950)
2 دقیقه
1079 مشاهده
دوێنێ بەیانی چوومە قەراغ شار
خەیمەی بەهار بوو دیارە و دیار
لە پرشەی ئاونگ بە تیشکی هەتاو
گوڵ چووبووە شێوەی بووکی سەربەدراو
شنەی بای بەهار ئەیدا لە غونچە
ئەیگەشانەوە و لای ئەدا پەچە
نەک دڵێک سەد دڵ ئاواتەخوازی
ئەو پێکەنینە و کریشمە و نازی
هەمیشە بەهار لە کەناری چەم
بوبووە لاگیرە و گوڵی سەر پەرچەم
لە ڕێگاکانا گوڵەزەرد یەکسەر
بوبووە زنجیرەی تەڵای پشتەسەر
قەتارەی نەسرین لە نشێوی شیو
بریسکە ئەدا وەک هەیاسەی زیو
سێپەڕە و مینا بە خنجیلانە
ئەتوت ملوانکەی مووروو شیلانە
پەلکی گۆزروان بەسەر گیاوە
جووتەی دڵخوازە وا تێک ئاڵاوە
ئەگریجەی بووکە بەڕەزا و چنوور
چارەچەقیلە بۆتە تارای سوور
بەلیس گیای پیشۆک ئەدۆزرێتەوە
وێنەی پرچی کچ ئەهۆنرێتەوە
گوڵی زەرد و سوور لەگەڵ ئەرخەوان
وەک جسری مۆدە بە ڕۆژی شەموان
شەوبۆ و ڕێحانە و کەنیر و گیابەن
پەکی لاوانتەی ئەوروپا ئەخەن
شنگ و هەڵەکۆک چەورە و پێقەلە
چاوبازە و بزنەڕەشە و خەرتەلە
کاشمە و بەڕەزا، لووشە و ترشۆکە
کووزەڵە و کاردو و پونگە و بەنگۆکە
تۆلەکە و جاترە و شویت بەڕیزە
کەرەوز، تەرخون، پیاز، تەڕەتیزە
ئەمانە هەمووی کە گیای بەهارن
هەر یەک بۆ دەردێک دەرمان و چارن
سەوزەڵە و نازدار بە لەنجەولارن
تازە کیژۆڵەی تیپی گوڵزارن
کارێزی شەریف مەڵبەندی جوانان
ئاخی بۆ ئەبەن پەری ئاسمانان
ئەو ئاوە جوانە لەو دەشتە وێڵە
چاوی قرژانگی لە چاوا لێڵە
هاڕە هاڕی دێ لەو کۆڕەشیوە
وەک سەرچۆپیکێش دێتە قریوە
نازناز و نێرگس، شەوبۆ و گەزیزە
هەڵدەپەڕین وەک کچان بەڕیزە
دەستیان گرتبوو پڕ جۆش و خرۆش
گۆرانیبێژیان بلبلی دەنگخۆش
بە سۆز و ناڵە پیاوی ئەگریان
وەک کای کۆن دڵی منی ئەسووتان
دار و گیا و گیاندار پڕنەشئە و دڵخۆش
من و وەنەوشە ملکەچ و شینپۆش
ئەو پابەندی خاک کۆنەهەواران
من دڵبەندی خاک مەزاری یاران