«هاتنی عاشقەکان بە لەشکرێکی زۆرەوە دوای ئەو تەگبیرە»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 1 دقیقه  448 مشاهده
پاش ئەو وتووێژە هەر بە غارە
کۆ بۆوە سوار یەک هەزارە
دەدراوە لە تووزەولە و لە شەیپوور
وەک بایی دەڕۆیی ئەسپی غوللور
ئەسپێ کە دەبوو جوان و سەرکێش
بۆ غار لە ڕێگەدا دەچۆ پێش
ڕۆیشتن ئەوانە بێ خەبەر بوون
لەو سووڕ و گەڕانی چەرخی گەردوون
ئەو لاسەیی ترسیان کە لێی بوو
بۆ خۆیی و بە مامە ڕەش لەوێ بوو
گەر هاتن و گەینە پێش هەواران
دەسیان دەکردە پرسیاران
فەرموویی بەوانە کابرایە
کە شوانە ئەوا لە هۆبەدایە
دیلی وییە مامە ڕەش تەریدە
فەرمان بەرە بۆ وی هەر بە دیدە
ئاوایی کە دا خەبەر بە لەشکر
ڕوویان نەدەکردە ماڵ و چادر
لەو جێیە لە ترسی لاس قۆشەن
بۆ ئەو شەڕە خاوە بۆوە وەک بەن
دەسیان لە خەزاڵ و هۆبە بەردا
بۆ هۆبە نەهاتن ئەو لە سەردا
ئەو جارە لە کێو بە نەندەن و یاڵ
هەرچی کە بە وێوە بوو لە ئاژاڵ
وەک مێگەلە بزن و گاوو گاڕان
وەک کاوڕ و وەک مەڕ و شەک و ڕان
هەڵیان دەگرت و بۆ دواوە
ئەو لەشکرە هەر لەوێ گەڕاوە