«هاتنی کۆنە عاشقەکان بە لەشکرەوە بۆ سەر هۆبەی خەزاڵێ و بێ خەبەر بوونیان لە بوونی لاس»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  672 مشاهده
ساقی وەرە کۆڕێ عاشقانە
ناڵین و پەژارەو بۆ ئەوانە
تۆ دەس دەوە ئەو پیاڵە زێڕە
ڕاوێژە دە زوو بە مەی بگێڕە
سەرخۆش ئەگەر بکەی ئەوانە
دەگرن بە مەلا نەبی بەهانە
دێن تاکوو ئەتک بکەن بە لاسی
دەیگرنەوە کا نەبی بە کاسی
ئەو دێن و خەزاڵە ڕادەکێشن
چون لەو کچە دڵ پڕ و بە ئێشن
بەو لەشکەری زۆرەو سوپاوە
وەبزانە مەلا نەبی شکاوە
گوێ بگرە لە پیری باو زانە
ئەو باسەیی وا دەکا بەیانە
سەر کردەیی سوورچی و زوراری
نێو بردەیی خاکی کوردەواری
گەر ناوی ئەوانە تۆ دەپرسی
یەک ئەحمەدە یەک مەمەندی وەیسی
یەکیان عەزیزە یەک بوداغە
دڵیان کە بە داخی عیشقە داغە
کۆ بوونەوە پیری نالەبارە
کردیانەوە بۆ شەڕ ئەو چوارە
گوتیان کە شووانە کوردە لاتە
ڕۆیشتووە دوورە لەو وەڵاتە
خنکاوە نەماوە ئەو شوێنی
ڕووخا لە گەورگدا کولێنی
کێ ماوە کە شەڕ بکا دەگەڵمان؟
بۆ ئێمە بکا ڕەچاو بە زمان
گەر وایە ئەوەندە ئێمە سەر شۆڕ
بۆ بین و دەبا بە لەشکری زۆر
ڕوو کەینەوە هۆبەکەی خەزاڵێ
تا بشتەوە نێو قەفەس لە ماڵێ
بگرینەوە شەشدەری هەواری
وەک تەرزە لە گوشەو کەناری
هاوار و هەرا و تۆبە تۆبە
بەردەینە ژنان و کیژی هۆبە
تاڵان کە کراوە ئەو هەوارە
دەگرینەوە کچ ئەوەی لەبارە
هاوڕێی ئەوانە جا خەزاڵێ
دەگرین و کەزی لە دەس دەهاڵێ
دەی کەینە سواری کەر بە سووکی
ئاوایی دەبەینە دەر بە بووکی
دەیبەینەوە بۆ سەرایی خۆمان
دەی دەینەوە دەس گەڕاڵ و دۆمان
کە کرایەوە ئەو هەوارە داگیر
لەو خاکە دەبێ نەبی نەبێ گیر
با بێتە بە مەیتەر ئەو لە دێیان
بۆ خەڵک گەسک بدا لە جێیان