«تانووتدانی لاسی لە خۆی لەمەڕ سستبوونی لە شەڕی مامە ڕەشدا»
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
1 دقیقه
676 مشاهده
لەو لایەوە لاس دەیڕوانی
ئەو ڕۆژە لە داو و فێڵەکانی
زانی کەوە مامە ڕەش ڕەشیدە
فەرماندەیە بۆیە بۆ تەریدە
ئێوارە کە تینی تاو لاچوو
ئەو لاسە بە ڕق لە خۆیی دا چوو
دەی داوە لە خۆیی تیر و تانە
کەی وابووە شەڕ دەگەڵ چەتانە؟
بەو جۆرە کە شەڕ بکەی لە مەیدان
گیراوی بزانە تۆ بە جەردان
ئەو کاتەیە گەر لە غیرەتی من
کەم بێتەوە گوڵ دەکەی بە دوژمن
بەو بیرەوە تیژ ئەبوو لە شێری
دەیگوت کە وەها دەبێ دلێری
لەو جەردەیی گەر مەچەک دەداوە
کێشای بە تەکان بوو بە قاوە
لەو بەندەنە نەعرەتەی کە لێدا
چەن سووڕی لە دەوریی خۆیی پێ دا
چۆکێکی لە عەرزدا و پێچای
یادی لە خەزاڵە کرد و هێنای
مەردانە حەوایی دا لە عەرزی
دەیکرد بڵند و جەردە لەرزی
دەیداوە لە عەرز هەر وەکوو سینگ
ئەژنۆیی بە ڕق دەنایە سەر سینگ
دەستێکی لە نێو ملا وەرێنا
بۆ کوشتنەوە خەنجەری دەرێنا
کێشایی کە تیغ جەردە گریا
وەک هەورە لە کن مرۆیی وریا