«وەڵامی لاس بۆ مامە ڕەش»

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  672 مشاهده
ئەو باڕە هەڵۆیی باڵەکانە
فەرموویی کە مامە ڕەش بزانە
نێو لاسم و خەڵکی باڵەکانم
من خاوەنی دڵبەری جوانم
هاتوومەتە ئێرە تا بە شمشیر
ئەو کێوە بکەم لە ئێوە داگیر
دەتکوژم و چون خەراپە وێڵت
دەی ڕنمەوە مووی لاسمێڵت
پاش ئەوهە دەچم ئەلەو کەژانە
دێنم گوڵی تازەو جوانە
ئەو کاتە دەبەستم ئەو گوڵانە
چل چەپکی زەلام بەو مووانە
دییاری منە ئەو گوڵ و گوڵاڵە
لەو چل پلە سەختە بۆ خەزاڵە
ئەو هەی گوت و هەڵمەتی دەدایە
کردیانە یەک شەڕ و هەرایە
لەو کاتەوە گەر زەوی زەوی بوو
چاوی فەلەک ئەو شەڕەی نەدی بوو
کول بوو کەوە تیغ و چەک لە مەیدان
خۆیان فڕێ دەدا لە ئەسپان
ئەو جارە لە ڕویی پاڵەوانی
کردیانەوە بیری زۆرەبانی
لایان کە لە ئەسلەحەو لە چەک دا
وایان لە یەکتری مەچەک دا
دەتگوت کە پڵنگن ئەو دووانە
یا شێرن ئەلەو چڕو تەلانە
تا گەینە نووێژی نیوەڕۆیە
نەشکایەوە یەک لە دوو مرۆیە
بۆ شەڕ نەبەزین و هەر هەرا بوو
لەشیان لە مێزی یەکترا بوو
ئەو جەردەیی دوورە ئاوەدانی
فێڵاوی و دڵ ڕەق و شەڕانی
تا بۆوە بە عەسر خۆیی ڕاگرت
لاقی لە شەڕ و هەرایە داگرت