«بانگی خانزادێ لە لاسی بە بەند»
از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
2 دقیقه
618 مشاهده
ئەو خانمە ڕوویی نا لە باوان
بەو جۆرەیی هەڵدەدا لە تاوان
ئەی لاسە مرۆیی دڵ پەرێشان
بۆ خۆت و بە ئەسپە سووری کەحلان
هاتوویی لە بەندەنان و ڕژدان
تا بچیەوە چل پلەی تەریدان
مردویی لە تاوی لابەرشکان
سووتاوی و هەر دەدەی پریشکان
مامی ڕەشە گەر ئەتۆ ببینی
وەک بەورە دەتۆ دەکا برینی
لەو کێوە بە ڕق بکەی کە مۆڕە
بۆ تۆیی هەر ئەو دەکا بە گۆڕە
ناگەی کە ئەتۆ گوڵانە بچنی
دەس بەستە ئەوەی بزانە لەکنی
دەتکا بە فیدایی خەنجەری تیژ
تۆ خۆ مەکە چارە ڕەش لە سەر کیژ
دەس هەڵگرە لاوە لەو خەزاڵە
چون ناحەز و ڕوو دزێو و تاڵە
تۆ لا بدە لە کوتانی گازری بوو
بەو هەیئەتە ئەو جلی شڕی بوو
دەم دی کە کەچی مەلا لە سەر ئاو
هێن ناحەزم ئەو دەهاتە بەرچاو
دەمگوت کە قەرەواشە یا نە دۆمە
ئەو شینکەیی سەرخڕا و چۆمە
جادووگەرە ئەو چەتیوی سەر شین
لێی لا بدە ئەی پەشێوی غەمگین
تۆ دیدە لە ڕوو و مویی من کە
لەو کیژەیە خۆوەشیرە ون کە
با ئێمە لە بۆ حەریر و باتاس
بگرینەوە ڕێ بە غار ئەی لاس
لەو خاکە ئەمن بە تۆ دەکەم شوو
زوو دابەزە چون درەنگە، فەرموو