ماڵئاوایی ئەحمەد ئاغا لە شا

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  600 مشاهده
کاک ئەحمەدی لاوی کوردەواری
کاتێ کە دەکەوتە ڕێ قەتاری
ئەو گەنجە شتومەکی دەپۆشی
چو خزمەتی پادشا بە خۆشی
دەیکرد لە پێشەوا سڵاوە
بێدەنگ بە پێوە ئەو دەماوە
تا شا دەگەڵی دوا بە نەرمی
پرسی لە هەواڵەکەی بە گەرمی
لە دوایە حەمایڵ و نیشانە
دەیدایەوە شا ئەبەو جوانە
فەرمووی کەوە بابی تۆ نەمێنی
دانیشە لە جێگە و شوێنی
ئەو باسە کەوا دەبوو تەواوە
کردی لە سەرۆکە، ماڵ ئاوا
دەرکەوت لە بارەگایی ڕەنگین
هەڵنیشت وەکوو هەڵۆ لەسەر زین
هەر لاوە لە ئەسپ بوو سوارە
دەژواوە تەواوی وەک کۆلارە
خونکارە لە پێشی کاروانی
دا ڕۆیی دە گەڵ سوارەکانی
بۆ باڵەکە ڕۆیی ئەو بە سازی
بەربوونەوە ڕاو و تەقڵەبازی
زوڕنا و دەهۆڵ و دەنگی شەیپوور
ئاوازەیی سەقر و قووش و پەڕکوور
حیلاندنی ئەسپ و تەق تەقی ناڵ
لە چیا و لە شیو و باسک و یاڵ
گوێچکەی فەلەکی زەوی دەکرد کەڕ
دەیکردەوە شێری دڕ کەڕ و لەڕ
بەو جوورە دەڕۆین ئەو بە شادی
دەبڕاوە بە ئەسپە، کێو و وادی
هەر جێیە کە لێی دەبوونە میهمان
چی بوو لە قومار و بەزمە، دەکران
ڕۆژ ڕاوە دەبوو بە کاری وانە
مەی بوو دەخوراوە گەر شەوانە
ئەو بازی سپی لە پڕ کە دەفڕی
بۆ ڕاوە سەری دەدا لە هەوری
سەر ڕاوی دەگرت ئەو بە یەک هەو
دەیخست لەسەر چیا ڕەوەی کەو
چون بازی شکارە گەرمە ڕاوە
لە قورینگە قڕانە ڕوویی داوە
شاهین کە بە ڕق دەکەوتە سەر سی
دەیکوشت بە هەڵمەتی لە سی سی
تاژی لە بڵند و ڕژد و باسک
کەروێشکی دەخستە ژێری باسک
ئاسک کە وەهاتبا بە گشتی
چنجوڕکی دەداوە هەر لە پشتی
لەو ڕێیە بە شیر یا بە تیران
گا کێوی و مەڕ، بە پۆل ئەگیران
کەوتن مەڕ و گا لەسەر دڕاڵان
بۆ خەرتەل و بۆ هەڵۆ و داڵان
ئاوا لە چیا و کەژ دەڕۆیین
بڕیانەوە دەشت و چیمەنی شین
تا گەینە سنووری ناو پردان
بێبەش لە غەم و بەڵا و دەردان