چوونی پێغەمبەر بۆ ئەشکەوتی سەور و کڕنۆشبردنی بۆ خودا و بوونی بە ڕەسوول

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 3 دقیقه  787 مشاهده
کاتێکەوە پێی دەنا لە چل وەرز
هەمتایی ئەوی نەبوو لەسەر عەرز
شایستە بوو ئەو کە پێشەوا بێ
پسپۆڕی وتەی دوڕی خودا بێ
بۆ خەڵکی هەژارە بێ بە دیلمانج
ڕوون کاتەوە ڕێ لە سوود و قازانج
دانیشت لە غاری سەوردا چەند
کڕنۆشی دەبردە بەر خوداوەند
جوبریلە لە بۆ ئەوی بە دیاری
هێنا لە وتەی بەڕێزی باری
فەرمووی وەرە چی دەکەی لە ئەشکەوت
ئەستێرەیی تۆ لە کەل وەدەرکەوت
عالەم ئەوە چاوەڕێتە قوربان
چونکینە بە تۆیە دین و ئیمان
تۆ هەستە بە دەنگی بەرز قورئاناعلام
بخوێنەوە هەر بە نێوی یەزدان
بەو خەڵکە شوێنی دین بێژە
با بێنەوە دەر لە گۆم و گێژە
کاتێکە هەڵستە تۆ فەئەنزیر
خزمی کە نزیکە لێوە ئەی ژیر
فەرموو مەکەن ئێوە بوت پەرستی
بۆ چێوە ژیانی وا بە پەستی
دارێ کە بە دەستی تاشرابێ
چی کردووە بۆ دەبێ خودا بێ؟
چی دارە چ خۆڵە یانە بەردە
نادەن بە کەسێ دەواو دەردە
نی ماڵ دەبەخشن و نە خۆشی
نە برین و نە ساغی و نەخۆشی
سەر ڕشتە بە دەس خودایی مەزنە
هەرکەس کە نەڵێ وەهایە بزنە
حەیوانە بەسەر زل و پەل ئەستوور
بێ بیرە لە زەین و هۆشە خۆ دوور
هەرچی بە زمان و بێ زمانە
ڕۆحی هەیە یا بە بێ گیانە
تەونێکە بە دەس خودا کراوە
کەی تەونە خودایی پێدراوە؟
داری بوتە بێ وتە و ڕزیوە
چەقڵێکە لە چاو هەڵچەقیوە
ئەو دارە خودایی ناکەسانە
بێ بەهرە و سوود و بێ زیانە
ئەو چەقڵە لە چاودا دەرێنن
ڕیشەی لە بنیوە هەڵپسێنن
تا چەندە نەفامن و نەزانن
گوێ بگرن و پاک ئەوەی بزانن
یەزدان کە یەکێکە بێ وەزیرە
بێ نۆکەرە ئەو بەبێ گزیرە
ناچێ کە خودا لە ڕەنگ و وێنە
بێ چوون و چلۆن و بێ شوێنە
بیستی کە محەمەدشخص ئەو وتارە
هەستاو دەهاتە دەر لە غارە
ڕووی کردەوە میللەت و عەشیرەت
فەرمووی بەوانە دڵ بە غیرەت
زوو قەوم و عەشیرەتم بە چوستی
لادەن لە بوتان و بوت پەرستی
مەردانە خودایی حەق بناسن
بۆ هێندە نەزان و گێژ و کاسن
ئەڵڵا کە خودایی بەرزتانە
ئەو کرگەری ئێوە و بوتانە
تەنراوە بە دەستی ئەو تەک و لۆی
بوو زوویی لەشی و ڕایەڵ و پۆی
هەر موویە لە بەندەن و ڕواوە
شەتڵێکە بە دەس خودا چەقاوە
ئەو نان و بژیوی داوە پێتان
ئەو هودە و دیوی داوە پێتان
ئەو دای بە ئێوە چیمەنی شین
ئەو زەویەی کردە فەرشی ڕەنگین
ئاغایی تەواوی کێو و هەردە
خاوەن بە هەموو چیا و زەردە
بۆ بوون و نەبوون ئەو هەوینە
بۆ هەرچی هەژارە خەمڕەوێنە
گەر بیهەوێ ئەو بە کون فەکوونی
دونیایە دەبا لە بۆ نەبوونی
خزمینە کەوایە تا بە مردن
لەو گەورەیە ڕیز و قەدر بگرن
ئەو سەروەرە کردمی ڕەوانە
بۆ وەی کە بزانن ئەو شتانە
ئەو تاجی کەرامەتی لە سەر نام
ئاڵایی پەیەمبەری وەدەس دام
قورئان کەوە ڕێگە بۆ نەجاتە
لە خوداوە دیاری و خەڵاتە
بگرن لە گوێیە ئەو وتانە
سەرچاوەیی مانەوە و ژیانە