باسی لە چوونی پێغەمبەر بۆ میعراج

از کتاب:
لاس و خەزاڵ (فیدایی)
اثر:
ملا کریم فیدایی (1928-1993)
 2 دقیقه  640 مشاهده
تاقانە سووراوی تاقی میعراج
لەو تاقەیە دایدەنا لەسەر تاج
بۆ وەی کە لە ئەنبیا ببێ تاق
شەو ڕۆیی بە ڕەف ڕەف و بە بوڕاق
تا گەییە سەرایی بێ مەکانی
چو جێیەکە کەس بەوی نەزانی
تازەی کە فڕێ دەدا لە شانی
بێ ڕەنگ دەبوو وەڕەنگەکانی
پا بوو وەکەبەندەنی لە سۆنە
دەتواوە دەگەڵ تەڵایی کۆنە
پێغەمبەری گەورە و بە شەوکەت
مانگی بە ئیشارە کردە دوو لەت
موجیزەیی کەوتە نێو وڵاتی
لاچوو لە زەوی بوت و مەناتی
ئەستێرە و ئاور و بوت و گا
ئەو کاتە ڕەواجی وانە دەشکا
شین کەوتە سەرایی شت پەرستان
ئەو کەوتنە ڕوویی خۆ بە مەستان
هەرچی کە پەرسترابوو پێشوو
بەو دینە تەواویی بێ قەدر بوو
سەرچاوەیی کوفرە گەر دەبوو لێڵ
پێچاوە باری توورەکەی فێڵ
گا جووتە خراوە بن پەڕەی نێر
شوێنی دەبراوە باب و باپیر
شوێنی کەوە بۆگەن و چەپەڵ بوو
بنچینەیی هاتە دەر بە دەڵ بوو
دەبڕا سەری نۆکەری بەرازە
دەکرانەوە بوت بە پردە بازە
فەرمووی بە خەڵک خوسرەوی دین
ئەستێرە ڕموونەن خودا نین
عالەم کە خودای خۆی ناسی
دەرچوو لە کڵۆڵی و لە کاسی
دڵتەنگ دەبوو وەخێڵی گاور
بێ تین و بڵێسە ماوە ئاور
کوویرە مرە بوو ڕووکرا لە حەوشە
پۆلوویی وەکوو گوڵی وەنەوشە
هەیوانی مەداینی لە دەرزی
دەرکەوت لە چەندە لاوە دەرزی
کیسرا کە دەڕۆیی شان و بەختی
هێنایە خوارێ ئەو لە تەختی
ئەو دینە کە تیشکی دا لە شاران
دەدراوە لە گوڵشەن و کەناران
ئیسلامە هەڵی دەکرد ئاڵا
بۆ کوفری مناڵ ئەبوو بە ئاڵە
خنکایەوە کافری نەماوە
بەو دینە وەجاخەکەی بڕاوە