ڕەزیلە و فەزیلە کامانەن

از کتاب:
خەزنەی جەواهێر
اثر:
ملا احمد قاضی پنجوینی (1920-1983)
 3 دقیقه  891 مشاهده
گەر ڕەزائیلت لێ مەعلووم نییە
یا خود نازانی فەزائیل چییە
ڕەزیلە خولقی قەبیح و پیسە
لە هەر کەسا بێ دەنی و خەسیسە
وەک کبر و غورور یا حیلە بازی
وەک ئەمە ئینسان لە خۆی بێ ڕازی
بێ وەفائییە و غەدداری و چرووک
بێ ئەدەبییە و تەبێعەتی سووک
وەک هەرزە خۆیی وەک فیتنە بازی
غەش و ڕوو گرژی یا قوماربازی
زوبان درێژی جوێن و شەرارەت
یا ور بوونەوەی خەلق بە حەقارەت
درۆ و خیانەت توندی و کەللەشەق
تانە و موزێڕڕی و ئیستیهزا بە خەلق
حیرس و تەماع و نەوسنی بێحەد
نەزەر لە غەیرەمەحرەم لە ئەمرەد
ئارەزووی زینا و خواردنی حەرام
سواڵکەر دەرکردن بە قسەی بێتام
وەک ترس و حەسەد یا بوغز و کینە
یا لە حوببی خوا خاڵی بێ سینە
هەر ئەوەندە نین زۆرن ڕەزائیل
ئینجا بێینە سەر باسی فەزائیل
هەرچەن لە عەکسی ئەمانەن بەڵام
دووینێ لەویش سەڵاحە لەلام
ئەدەبە و تەمکین ویقارە و حەیا
بێ موبالاتی لەگەڵ ئەم دونیا
وەرع و تەوەککول زوهد و تەقوایە
مەحەببەتی زۆر لەگەڵ خودایە
ویسعەتی سەخا و حیلم و قەناعەت
سەبر و سوبات و مەجد و شەجاعەت
رووخۆشی و بەشوش شیرین زوبانی
ڕاست قسە و گوفتار لە ڕوو و نیهانی
عەفو و ڕەحمەت و دڵ کەیلی سەفا
عەمەڵ بە وەعدە و ئیسڵاح و وەفا
ڕوشد و تەوازوع میوانپەزێری
ناموس و عففەت بە برسی و تێری
پۆشینی سڕڕ و کۆمەکی بە خەلق
جەودەتی زەکا و عەقڵ و قسەی حەق
عیلم و هونەر و فەزل و ئەمانەت
دین و مرووەت سیلم و مەتانەت
پاکی نیهاد و پۆختی ئەلبیسە
لە فەزائیلیش ئەمەندە بەسە
فەزیلەی ئەخلاق ڕیوایەت وایە
حەسری عەدەدی لە سێسەد دایە
دیارە ڕەزیلەش هەر ئەوەندەیە
چونکە هەر یەک زیددێکی هەیە
ڕەزیلەش هەموو بە جارێ یەقین
دەرجە لە نەفسی شەیتانی لەعین
چ لە فەزیلە چ لە ڕەزیلە
مەراتب هەیە ئابەم دەلیلە
مەسەلا سێ کەس سەخاوەتدارن
هەر یەک هەر دارای سێسەد دینارن
یەکێکیان قووەی کەرەمی هەر وا
تا دەوری هەشت نۆ دینارێ ئەڕوا
دەرەجەی بەزلی دووهەمیان قووەی
ئەگاتە حەددێ ببەخشێ نیوەی
ئەندازەی سەخای سێهەمیان وایە
بەخشینی هەمووی لاچڵێ کایە
باڵاتر لەمیش هەیە بۆ کەرەم
نەفسیش ئەبەخشێ نەک تەنها درەم
لە میش زیاترە هەر کەس بتوانێ
هیچ هونەرێکی لە خۆی نەزانێ
بەخشش و وەسفی بەخششی هەردوو
بەخشش خوایە پێی ڕەوا فەرموو
وا بەمە زانیت لە هەردوو وەسفا
دەرەجات هەیە لە قووە و زەعفا
جا نۆش کە شەربەت ئیمانی زەڵاڵ
کەوا بەرزتری مەرتەبەی کەماڵ
ئەعلای دەرەجاتکافەی فەزائیل
نوقتەی نیهایەت حوسنی شەمائیل
کاڵان و خودا بڕیونی بە بەر
باڵای بێ هەمتای «سيد البشرعربی»
بۆیە فەرووی حەزرەتی عەلیم
«انّکَ لَعَلی خُلُق عَظِيمعربی»
بەم حەزرەتەدا خالقی بێچوون
ناردوویە بۆمان دەستوور و قانوون