یادگار
از کتاب:
کاروانی یار
اثر:
جلال مدحت خوشنام (1934-1998)
1 دقیقه
651 مشاهده
ڕاچەنین و ئارەزوومە یادی ڕۆژگارێ ئەکا
مەیلی ڕازاوەی ژیانم نەخشی نیگارێ ئەکا
یادی یادگارێ کە هەردەم وێنەی دڵگیرە لام
یادی عومری حەوت بەهاری دیلی بەندی بیرە لام
بووکە ئاواتەی گرفتار ئەڵقەی زنجیرمە
نیونیگای دولبەریەتی ناو بەندی چاو یەخسیرمە
گەرچی ئێستا جەوهەری خەو تیای کورتە شەوگارێ ئەکا
بۆیێ زار و ناڵەمە دڵ شیوەن و کارێ ئەکا
نەونەمامی باخی ژین تێر تێر بە ئەسرین ئاو ئەدا
تاکوو شالووری زەمانەی بۆ گوڵێ سوور تاو بدا
گەرچی کاروانی خەفەت ئەڕوا بەرەو کۆشکی ژیان
وەک تەمی ماتەم دەوار هەڵداتە سەر چاوی جوان
یادی پەپوولەی بەختی گوڵ پڕ دڵ بنێتە ڕاچەنین
بولبولی هەترەی پەشێواوم بخاتە هەڵفڕین
ئارەزووی خورپەم هەمیشە ڕازی ئاهەنگێ ئەکا
شاگوڵی باخی ژیانم ئولفەتی هەنگێ ئەکا
چاوەڕێی ئەو ڕۆژەیە شایی و زەماوەند بێتە کار
ساز و سەمتوور، جۆشی زوڕنا، دەست لە مل شاد یار و یار
یادگار پاش شەو لە ئاسمان خۆرەتاو ئەشنێتەوە
پاشی زستان میرخوزاری گوڵ بەهار ئەکرێتەوە!