دەردی کۆمەڵ

از کتاب:
کاروانی یار
اثر:
جلال مدحت خوشنام (1934-1998)
 2 دقیقه  733 مشاهده
بۆ ئەو کەسە...
ڕەشەبای دەواری ژینمە
خۆی کوتراوی ناو برینمە
گەر بە کەسە، ئەلفێ بەسە!
بۆ ئەوانەی:
پەڕی باڵی مەل دەردێنن
پەلە غەمان ئەچەقێنن
خاوەن دووربینێکی تەسکن
مۆرانەی ئاوریشمی کەسکن
لە خمخانەی
تەنی، کل، هەش
پڕی زاری دوو ماری ڕەش
شەرمی ژیان، نەعلەت، نەعلەت
بنووسێتە هەردوو ڕوومەت!
بۆ ئەو کەسە...
کە هەر هەوێنی ژانم بوو
هۆی ئاڵۆزی ژیانم بوو
گەر بە کەسە، ئەلفی بەسە
بۆ ئەوانەی:
لەڕێی پێخاوەستان دڕکن
بۆ دەردی بێچاران پڕگن
کرمە ستوندەی ناوەند ماڵن
دوابەدوای کاروان گەماڵن
لە کەوانەی
تیرئەندازی قینی دەستێ
تیری مەرگی
هیی برسییەتی و بێبەرگی
دەبەری مەمکانیان وەستێ
بۆ ئەو کەسە
داڕوجانی دامێن نیسکە
بێچووە قازی بەر مریشکە
ژن بە کەسە ئەلفەکی بەسە!
بۆ ئەوانەی:
ڕێگای تەوژمی با ئەگرن
یەخەی سەوزی گوڵ دائەدڕن
چاکەیان هیچ نەبیستووە
هەر ناپاکییان ڕستووە
لە نیشانەی:
تاوی پەنجەی نووکی گاسن
بارووت و قورقشم و ئاسن
بەد سوپایان تەفروتوون کا
تەخت و بەختیان سەرنخوون کا!
ئەی ئەو کەسە...
گەر شەرمت بێ ئەلفێ بەسە
بریا لەو وەفایا سەگت بای
لەبەر دەمی بایا ڕەگت بای
خۆزگەت بۆ (کەر) هەڵکێشابا
ئەوسا با جەرگم ئێشابا!
ئەی ئەوانەی:
داری بێبەر بۆ بڕینە
کەوشی بێسوود بۆ دڕینە
چاک بزانە:
کاروان ئەڕوا و ئەچێتە ڕێ
دوابەدوای هەر سەگت ئەوەڕێ!