نازی لەیل
از کتاب:
کاروانی یار
اثر:
جلال مدحت خوشنام (1934-1998)
1 دقیقه
894 مشاهده
گوڵی ڕوخساری ژێر پەردەی ماتەم
پرشنگی جوانی دیارە بە ئاستەم
نیگاری گەشی ژێر پەچە و عەبا
وا سەما دەکا لەگەڵ بای سەبا
بۆ خەندەی چاو و بزەی لێوی تەڕ
دڵی بێچارە ئەکا شەیدا هەر
کاتێکیش کە دێ لە دوور بای شەماڵ
لائەدا ڕۆخی چارۆگە و پەشماڵ
بە دیار ئەکەوێ ڕوو بە زولفی خاو
وەک خونچەگوڵی پڕ زار لە خوناو
گوڵی بەهاری تازە پشکووتوو
لەژێر سێبەری شالوور بێ خەوتوو
کاتێک کە لاچوو چارۆگە چەمکی
هاتە دەر گوڵزار: سینگ بە دوو مەمکی
دوو مەمەی پڕ و خڕی وەکوو گۆ
وەستابوون لەسەر باڵای وەک پشکۆ
ئەو باڵای کەوا لە چەشنی عەرعەر
ئەچەما لەگەڵ شنە بای سەحەر
کە تێدەپەڕی ئەهاتە هەژان
وەکوو شەپۆلی ژێی سازی کەمان
هەر بە موزیقە هەرگیز بە لەنجە
کە ئەیگەیاندە سەر ئەرز پەنجە