سەفەری حەستەم

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 1 دقیقه  825 مشاهده
ئەو دەردەی ئەوساڵ لە من ڕووی داوە
ئەو کۆڵەی بە پشت مندا دراوە
ئاسن بام دەپوام، کێو بام دەخزیم
پڵنگ و بەبر و شێر بام دەبەزیم
هەر هەڵدەسووڕێم بە دەم دەردەوە
دێوانە خۆمم بە ڕووی هەردەوە
بە پیری دەڕۆم بە پیر مەرگەوە
بە ڕیشی سپی، بە ڕووی زەردەوە
مەڵێن پیاوێکی هیچ و سەرسەریم
بۆ خزمەت کاکم دەڕۆم، سەفەریم
سەفەرێکی زۆر سەخت و حەستەمە
برسیم و کەوتووم، تێشووشم کەمە
چۆن ڕێ تەی بکەم، بگەم بە مەنزڵ
بە چاوی پڕ ئاو، بە دڵی بەکوڵ
کاکم گیرفانی پڕ بوو لە تێشوو
بۆیە وا ڕۆیی، خێرا زووبەزوو
پێشوازی هاتن ئەولیای قوبوور
بەڕێز گیرابوو لە نزیک، لە دوور
من قوڕبەسەر خۆم، بێ تۆشە و زادم
زار و زەعیف و بازاڕ کەسادم
نە لێرە کەس بوو، ماڵئاواییم کا
نە لەوێش هەیە دڵنەواییم کا
بەڵام هەر دەڕۆم، چارم ناچارە
دەچمە خزمەت ئەو شیرین سوارە