لافاو
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
1 دقیقه
727 مشاهده
هەستا لە وڵاتی ئێمە تۆفان
هەڵڵایە، هەرایە، شینە، گریان
بێ کەشتیی و نووح و شۆرتە ماوین
ماڵکاولی دەم شەپۆلەئاوین
خێزان و مناڵ و ماڵ و پاتاڵ
ون بوون و جیهان لە ئێمە بوو تاڵ
لافاو هەچی بوو لە ماڵ، هەمووی برد
تاڵاوی بە زاری ئێمەدا کرد
چاڵ پڕ بوو لە ئاو، گەنم ڕزیون
دیوار هەموو تێک تەپی و خزیون
دەست و پەلمان بە ئاو تەزیوە
دێویش لە شەپۆلە ئاو بەزیوە
بێ تاقەت و هێز و لارەمل ماین
ماوێکە بەبێ وچان لە ئاواین
نانووسرێ کاکە! کارەساتی
لافاوی بەهاریی و نەهاتی!
ڕووی کردە وڵاتی کوردەواری
هەر ماوەتە ڕەحمی زاتی باری
بێتوو نەزەرێ بکا وەلامان
ڕەحمێ بەوە وا لە سەر زەوی مان
هیوا کە نییە بە غەیری لای ئەو
ڕووناکی نییە بەبێ چرای ئەو
هەرچەندە کە خاوەنی گوناهین
شەرمەندە و زار و ڕووسیاهین
یاڕەببی وەدەرخە ڕۆژی ڕەحمەت!
لابە لە سەر ئەم وڵاتە نەگبەت
ئەمنیش کە هۆنەرێکی پیرم
موستەوجبی ڕەحمەتم، فەقیرم
هەر سروەیی بایە هەوری پێوە
ڕێژنێکی دەکاتەوە لەڕێوە