بەهاری ناخۆش
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
1 دقیقه
791 مشاهده
شەماڵ هات بۆ لام، سەربەقوڕ، عاجز
هەناسەسارد و خەمبار و دڵکز
پێم کوت تۆ بۆ وای؟ جاران هەر بە غار
دەتهێنا موژدەی فەسڵی نەوبەهار!
دەبوو زۆر بەشاش،ڕووخۆش و جوان بی
هێنەری موژدەی خێڵی گوڵان بی
وەڵامی داوە شەماڵ بە دزە:
هاتم بۆ وڵات بە شنە و کزە
کە موژدەی نەورۆز بێنم بۆ هۆزم
چەکوشی گەردوون شکاندی پۆزم
دیتم لە شیو و لاپاڵ و تەلان
دەنگی شیوەنە و واوەیلا و گریان
لە سەر چڵی دار هەزاران بولبول
وەک مەنجەڵ دەکوڵن، دەدەن قوڵت و کوڵ
سەد مەجنوونم دی، ڕووتەڵ لە شاخان
بە واوەیلا و شین، بە ئاخ و داخان
بولبول بۆ گوڵ و مەجنوون بۆ لەیلا
وێکڕا دەیانکرد شین و واوەیلا
لە بیرم چۆوە پەیامی نەورۆز
بڵاوکەمەوە بۆ گەل و بۆ هۆز
شێت و شەیدا بووم هێندم خەم خواردن
ناچار جێم هێشتن، بە خودام سپاردن