کام خەبات
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
2 دقیقه
933 مشاهده
لەگەڵ یاری خۆم بە جوانی دەدوێم
بە چرای کوڵمیشی دەسووتێم، دەگڕێم
پێت بڵێم چۆنە ئەو یاری بەڕێز
خەیاڵ بۆ لای دێ، دەکشێ بە پارێز
دڵڕفێن، چاومەست، بەژن و باڵا بەرز
کەڵەگەت، باریک، جوانچاک، شۆخ و تەرز
تۆ بی و خودای خۆت، سەرێک هەڵێنە
بە نووکی غەمزە دڵەکەم دەربێنە
بیبە بۆ لای خۆت بیلاوێنەوە
لە بۆتەی عەشقا بیتاوێنەوە
بزانە چی دەوێ پاش قاڵبوون دڵم؟
دڵەکەم مەشکێنە، تۆ خواکەی گوڵم
بەزەیەکت بێ بە حاڵ و باڵی
بە هاوار و داد، بە ناڵەناڵی
کە دەرمانی کەی بە پەنجەی جوانت
ئاخری بەکاردێ، دەستم دامانت
فریای نەکەوی، کاری کراوە
جەرگ و دڵی باش بۆت هەڵقرچاوە
تا نەچووە لە قیس ئەو دڵە پڕ کوڵە
تا نەبۆتە چێشت بەو کوڵەکوڵە
لە بۆتەی عەشقا دەریبێنەوە
وەکوو پێم کوتی بیلاوێنەوە
بزانە چی دەوێ پاش قاڵبوون دڵم؟
دڵەکەم مەشکێنە، تۆ خواکەی گوڵم
دڵی شێت و پێت، سەرگەردان و وێڵ
ماندوو، هەڵوەدا و دوورکەوتوو لە خێڵ
کێهە خێڵ؟ خێڵی لاوی نیشتمان
ئەوەی بە پارێز دەچوون بۆ کوێستان
کام کوێستان؟ کێوی زەنوێری خەبات
کام خەبات؟ ئەوەی گەل دەدا نەجات
جێگای بەزەیە ئەو دڵە وێرانە
ئەو شێت و پێتە، ئەو سەرگەردانە
لە بۆتەی عەشقا دەریبێنەوە
وەکوو پێم گوتی بیلاوێنەوە
بزانە چی دەوێ پاش قاڵبوون دڵم؟
دڵەکەم مەشکێنە، تۆ خواکەی گوڵم