نیشتمانی کورد

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 2 دقیقه  1511 مشاهده
ئەو نیشتمانی بەرز و بەڕێز و جوانی کورد
جێگەی ژیانی پڕ لە هیوای پاڵەوانی کورد
هۆی بەرزیی هەموو گەل و پیر و جەوانی کورد
بەو ئاو و خاکە جوانەوە بەندە ژیانی کورد
ئەی خاکی پڕ لە جەوهەر و هەر لە زێڕ و زێو!
هۆزت بە شاخ و داختەوە بوونە سەربزێو
نیلووفەڕی بڵاوی لە سەر ئاوی بێ قەرار
ئاڵۆز و تێکەڵ و بەگرێ، چەشنی زولفی یار
سووچ و کەناری دەشتی هەموو سەوز و لالەزار
قۆز و لەبەردڵان و لەبارە بەبێ قومار
بەهبەهـ لە شاخ و داخی ئەو و خاک و ئاوی ئەو
چەند خۆشە لە سەر زمان، گەلی کوردە ناوی ئەو
لایەک شنەی شەماڵە کە دەشنێ بە حاڵی دڵ
لایەک کزەی دڵان لە گوڵانە بە سۆز و کوڵ
لایەک لە خۆشی بولبولە وا پێکەنیوە گوڵ
لایێکی دیش کە خونچەیە پێچرا بە بەرگ و چڵ
ئەم بەند و ئەم بیساتەیە گیانە دڵی مرۆ
دێنێتە جۆش و دێتە خورۆش و دەڵێ بڕۆ
کاتی خەباتە هۆزی بەجێماوی کوردەکان
پێ هەڵگرن، درەنگە، بڕۆن ڕێکوو بێ وچان
هیوای گرنگی، ئێوەیە خۆ دایکی نیشتمان
ئەو نیشتمانی هۆزی گەلی کردە قارەمان
ئەو قارەمانی وا لە خەباتایە ڕۆژ و شەو
ئەو پاڵەوانی وا کە بەهێزە و ئەوەند پتەو
ماوێکی زۆرە مات و ئەسیر و قەلەندەرین
خەمبار و بێکەس و لە هەموو خۆشییەک بەرین
تا کەی بە پشتی کۆمەوە کۆڵ بۆ کێ هەڵگرین؟
تا کەی بەبێ خەفەت سەرمان نەچتە سەر سەرین؟
با بەس ببینە ئالەتی دەستان، وەرن! وەرن!
ئەوڕۆ هەلە، دە هەڵپەڕن و دەستی یەک گرن!
ڕۆیی ئەوی کە خوێنی مژین، ببوە پیرەزاڵ
ئێمە کەلاکی کەوتوو، ئەو ببوە پیرەداڵ
خۆراکی جەرگی ئێمە بوو، دەیخوارد قەپاڵ قەپاڵ
لێی کەوتووە ئەوێستە لە بەر زگ وەکوو گەماڵ
چونکی کەلاکی خواردووە، نابزوێ کەوتووە
ئابڕوو و حەیای بە جارێ لە نێو عالەمێ چووە
سەیری «ئیمامیتخلص»ی پیر کە، کە وا کەوتبوو لە ماڵ
خەم دایڕزاندبوو، سەری دەبزووتەوە بە حاڵ
ئەوڕۆ کەچی لە خۆشی، ئەوا کەوتە قیل و قاڵ
بانگوو دەکا و دەڵێ: وەرن، ئەی لاو و کیژوکاڵ!
دەست دەینە دەستی یەک، لە خیابان و سەرشەقام
خۆمان بە کوشت بدەین، نەوەکوو بینەوە غولام