دڵی مەفتوون
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
3 دقیقه
1031 مشاهده
دڵبەری من کە ئینقلابی کرد
کوا خەتای کردووە؟ سەوابی کرد
کە نیقابی لە سەر جەبین لابرد
لە دڵی عاشقان کەبابی کرد
کە بە عیشوە هەڵیبڕی چاوی
گۆشماڵێکی ئافتابی کرد
بۆیە قەت نەسرەوت بە ڕۆژ و شەو
لە هەموو کار و خورد و خابی کرد
هەر لە مەشریق هەتاکوو ڕۆژئاوا
تووشی سەد مەخسەرە و عەزابی کرد
قاسیدێ هاتە لام و ئەم قەزییەی
پێ بوو، چابوو بە دڵ خیتابی کرد!
هەر دڵێ موبتەلا و مەفتوونە
بە سەعادەت هەمیشە مەقروونە
ئەی جەماڵت کەماڵی کیشوەری عیشق!
قەد و باڵات بەڕاستی مەسدەری عیشق
خەت و خاڵی جوان و بێ عەیبت
لە سەر و ڕووتە، بۆتە زیوەری عیشق
ئەی لە بەحری سرشکی دیدەیی من!
یادی ڕووی جوانی تۆیە گەوهەری عیشق
بەحسی حوسن و جەماڵی تۆ، چاوم!
نووسراوە بە خوێن لە دەفتەری عیشق
یادی ڕووی تۆ دەکەم کەوا دەگریم
دەڕژێنم بە عەینی جەوهەری عیشق
دێتە لام دڵبەرێ بە تەننازی
ئەم قسەم پێ دەڵێ لە مەحزەری عیشق:
هەر دڵێ موبتەلا و مەفتوونە
بە سەعادەت هەمیشە مەقروونە
خوێندی تەیری دڵم تەرانەیی عیشق
زەمزەمەی دا بە داو و دانەیی عیشق
هەمهەمێکی غەریبی بەرپا کرد
لە دەروبان و کونجی لانەیی عیشق
بێ پەڕ و باڵ و لائوبالی ما
وەکوو من هاتە گوێسوانەیی عیشق
وەختەبوو بەروەبێ، دڵم گرتی
بردیەوە بۆ قومارخانەیی عیشق
سەد کەڕەت ماڵی تەیری دڵ ئاوا!
ئەوە مەحرەم بە ئاشیانەیی عیشق
بانگ دەکا زۆر بە سۆزی دڵ هەرچەند
بێ نەسیبم لە ئاستانەیی عیشق
هەر دڵێ موبتەلا و مەفتوونە
بە سەعادەت هەمیشە مەقروونە
ئەی خەیاڵت هەمیشە مەحرەمی دڵ!
لێوی لەعلت نگین و خاتەمی دڵ!
زیکری نێوت ئەنیس و موونسی ڕۆح
یادی ڕووتە ڕەفیق و هەمدەمی دڵ
تاری زولفت ئەگەر بە دەس بێنم
مووبەموو بۆت بەیان دەکەم خەمی دڵ
تۆ دەزانی چلۆنە ئاوی حەیات؟!
قەترەیێکی کەمە لە شەونەمی دڵ
دەردی عیشقی تۆ عەینی دەرمانە
زامی دووریتە ئەسڵی مەڵحەمی دڵ
دڵی من گەرچی موبتەلایە، بەڵام
ئەم قسە خۆشەیە موسەللەمی دڵ:
هەر دڵێ موبتەلا و مەفتوونە
بە سەعادەت هەمیشە مەقروونە
ئەشکەکەم سوحبەتی بە جەیحوون کرد
عیشقەکەم ڕەخنەیی لە گەردوون کرد
لەیلییەک لەم زەمانە پەیدا بوو
عالەمێکی بە غەمزە مەجنوون کرد
لەف و نەشرم هەموو موشەووەش بوو
عیشقی ئەو هات و تەبعی مەوزوون کرد
بە خەمی توڕڕەیی پەرێشانی
دڵی جەمعێکی شێت و مەفتوون کرد
عەقڕەبی ئەگریجەی لە بەر حوکمی
هەموو عوششاقی مات و مەحزوون کرد
هاتفێ ئەم قسەی لە دڵدا بوو
هات و فەرمووی و ئەمنی مەمنوون کرد:
هەر دڵێ موبتەلا وو مەفتوونە
بە سەعادەت هەمیشە مەقروونە
لەو دەمەی ماچی لێوی پەیدا بوو
توتیی تەبعی دڵ شەکەرخا بوو
تۆ دەزانی «ئیمامیتخلص»! دڵبەری تۆ
وەک دەڵێن زۆر بە ئاڵ و واڵا بوو؟!
خەیمە و بارەگای لە موڵکی دڵ
هەڵدەدا، بۆیە عەقڵی شەیدا بوو
بۆیە قەیسی فەقیر و ماڵ کاول
دڵپەرێشان و ڕووی لە سەحرا بوو
کە لە نێرگس دەپرسی، سەیری دەکرد
وەک وەنەوشە ملی شکا، چا بوو
شەو لە کاتی بەیان، دەمی سەحەری
ئەم حەدیسە شەریفە ئینشا بوو:
هەر دڵێ موبتەلا و مەفتوونە
بە سەعادەت هەمیشە مەقروونە