ستایشی پێغەمبەر

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 2 دقیقه  1429 مشاهده
ئەی خوداوەندی ئاسمان و زەمین!
سانعی ڕۆژ و شەو، مەهـ و پەروین!
ڕازقی مار و موور و چاک و خراپ!
خالیقی سونبول و گوڵ و نەسرین!
بە نەسیمی بەهاری، مڵکی خۆت
کردووە سەوز و سوور و کەسک و شین
بۆ منیش ئەی خودای عەززەوەجەل!
ڕەحمەتێ؛ زۆر فەقیرم و مسکین
خۆ منیش عەبدی تۆ و لە موڵکی تۆم
موستەحەققم بە عەفوی تۆ، بە یەقین
هەرچی هەم گەرچی زۆر خراپیشم
ئەم وتە خۆشەمە دەڵێم ئامین
سەد هەزاران تەحییەت و سەلەوات
بۆ محەممەد، شەفیعی ڕۆژی نەجات
ئەی «شفيع الامم!عربی» چ خۆش لەقەبی!
چ بەعەزم و ویقار و بائەدەبی!
خاوەنی عیلم و حیلم و عەقڵ و کەماڵ
فەخری عورب و عەجەم، چ مونتەخەبی!
هەڵبژێراوی ڕاسپاردانی
خۆشەویست و لەپێشتران لە نەبی
تۆ لە نەسلی عەرەب زهوورت کرد
ئاشکرا بوو فەزیلەتی عەرەبی
هەرکەسێکی کەوا سەناگۆتە
تەڕ و پاراوە تەبع و زار و لەبی
هاتیفێ بانگ دەکا: بنێرە بە دڵ
تۆ کە پیاوێکی چاک و دین تەڵەبی
سەد هەزاران تەحییەت و سەلەوات
بۆ محەممەد، شەفیعی ڕۆژی نەجات
ئەی بە نووری جەماڵی ڕووی زیبات!
پڕ لە شەوق و زەوق، لە سەر تا پات!
یەک لە یەک ڕێکوپێکترە بەدەنت
یەک لە یەک بۆنی خۆشترە ئەعزات
ئەی شەهی موڵکی جوود و خوانی کەرەم!
«بەرمەکی» شەرمەسار لە بەزل و سەخات
خۆشەویستی خودای عەززەوەجەل
ڕێنما و دەستگیری ڕۆژی مەمات
ئەی شەفیعی هەموو سەغیر و کەبیر!
خاوەنی فەیز و ڕەحمەت و بەرەکات
قاسیدێ بانگ دەکا: بنێرە بە دڵ
بۆ یەکەسوارە جوانەکەی عەرەسات
سەد هەزاران تەحییەت و سەلەوات
بۆ محەممەد، شەفیعی ڕۆژی نەجات
ئەو شەوی حەو سەمات هەموو تەی کرد
مەڕکەبی سوارەکانی دیت پەی کرد
چەرخی گەردوون هەزار گۆنە گەپی
بە سکەندەر، بە بەزمەکەی کەی کرد
چوویە جێیەک کە جوبرەئیلی ئەمین
کەوتە لەرزین، گەڕاوە، تۆبەی کرد
بۆ پەزیرایی گوڵستانی ئیرەم
ئەمری بۆ هات و پاکی خونچەی کرد
پیرەداری هەزار ساڵە و کۆن
وەک نەمام تازە بوو، شکۆفەی کرد
دەنگی ئەحسەن سەمای هەموو کەڕ کرد
مەلەکێک ئەم قسەی هەبوو دەیکرد:
سەد هەزاران تەحییەت و سەلەوات
بۆ محەممەد، شەفیعی ڕۆژی نەجات