بەرخی نێر
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
2 دقیقه
840 مشاهده
نیشتمان! قوربانی کانیاو و زنەی زەنوێرتم
گیان فیدای ڕەشماڵ و شوان و مێگەلی سەر بێرتم
کوشتەیی کاڕەی مەڕ و بەرخ و بنە و هاوێرتم
عاشقی ئاسکی چیای بژوێن و جوان و تێرتم
گیانەکەم! ئەمنیش بە کارت دێم و بەرخی نێرتم
ڕوح فیدای سروەی بەیانانی عەبیرئامێزەکەت
دڵ بە قوربانی سریوەی تەیرە بێ پارێزەکەت
گیانەکەم! ڕۆڵەی ئەتۆ ڕێک چاوەڕێی ئاخێزەکەت
بیگرە باوەش لە هەلدا پێشمەرگەی هێزەکەت
پاسەوانی ناوچەکانی پڕ لە زێو و زێڕتم
هەر لە سەر لووتکەی چیا خەمڵیوە تا خوارێ بە گوڵ
هەرکەسێکی بەرهەڵستی سەربەخۆییتە بە دڵ
پێی بڵێ وا مەنجەڵی قینی گەلم هاتۆتە کوڵ
ئەی عەجەم! بۆی دەرکەوە، ئەی لنگڕەشی ڕووت، لاتەقول
خۆ ئەگەر کوردیشە، فەرموو ناهومێدی خێرتم
کێ بوو وەک شێری ژیان خێرا لە بێشەی دەرپەڕی
سیپەلاکی دوژمنی کوردی بە خەنجەر هەڵدڕی
ئارەقی کاتی خەباتی قەت لە ئەستۆ نەستڕی
نیشتمان بانگی دەکا یا خوا بژی، هەر تۆ کوڕی
چاوەڕێی پڕدانی توندوتۆڵ و هەروەک شێرتم
هەرکەسێ کورد بێ و «زرنگ» بێ، چاوەنۆڕی هەل دەبێ
پێشەوا و خاوەن شکۆهـ و قارەمانی گەل دەبێ
جێگەیی شانازیی و هیوای هەموو کۆمەڵ دەبێ
خاوەنی کانیاو و چیمەنزار و باغ و گوڵ دەبێ
نیشتمان ئەمنیش لە باغتدا ئەوا ئاودێرتم!