زستان

از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
 1 دقیقه  806 مشاهده
یاخودا زستان بەخێرێ، چونکە وەک یاری منە
سارد و سڕ، بێ میهر و بێ مەیلە، جەفاکاری منە
ڕووی لە سەر کوێستانەکان تاڵە، بە ڕق هاتۆتەوە
هەروەکوو یار دێتەوە ماڵێ بە ئازاری منە
بەرگوباری دار و گوڵزاری بە شەختە کرد نەخۆش
هەروەکوو جەرگ و دڵ و گیانی برینداری منە
تک تکەی گوێسوانەکانی وەک زووخاوی من دەچێ
ڕەنگی سیخواری وەکوو ڕیشی سپیکاری منە
بۆ سپیکاری عەجەب وەستایە زستان، چاوەکەم!
وەک خەمی من مووی سپی کردووم و میعماری منە
چەرخی گەردوون بۆ لە سەر من، بەختی من، نادا خولێک
هەر لە سەر یەک لاتەنیشتە هەروەها باری منە
پێچەوانەی خۆی کە جاران چەرخوخول بوو کاری ئەو
هەر دەڵێ شان و ملی «کامیلتخلص» وەفاداری منە