تینووی شەواو
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
2 دقیقه
852 مشاهده
خزمینە! وەکۆبن کە ئەگەر عاقڵ و پیاون
بیرێ لە کەسوکار و کە مردوون و نەماون
کوا یار و ڕەفیق و کەسوکار، دایک و بابوو
چۆن ڕۆیین و کوێ چوون و چ بوو پڕش و بڵاون؟
ئێوەش وەکوو ئەو عالەمە ڕۆین لە سەفەردان
هەرکاتێکوو زانی کە لە ناو جەنگەیی داون
ئێستەش کە خەیاڵوو لە سەروپرچی بڵاوە
باش تێ بگەن ئەو بیر و خەیاڵە هەموو خاون
هەر گیا و گوڵووکاتێکی دەبینن، هەموو ئەعزان
دەست و سەر و پێ و چانەگە وو زارە شکاون
شین بوون لە زەوی و باغ و چەمەن، جۆگە وو جۆبار
ڕێک داغ لە دڵن، چونکە لە هاواڵێ بڕاون
ئەو نێرگسی بۆنخۆش کە ڕواون لە دەرودەشت
نێرگس نییە، بڕوانە؛ بە دیتن وەکوو چاون
چاوێ دەخشێنن لە کوڕوکاڵی وڵاتێ
یانی هەموو پەتیارە وەکوو بڵقی سەرئاون
ئەو سوورەگوڵی گەش کە دیارن لە کەژ و کۆ
گوڵ نین و هەموو خوێنی گەشی لاوە، ڕژاون
سوێسن کە لە پێش چاو گوڵی سەرسەوز و جوان بوو
زارێک و زمانێکی جوان بوون و دواون
ئەو سەروە بەژن بەرزە و سەرسەوزە جوانە
بەژن و قەد و باڵان و بە ڕووسووری ژیاون
ئەو بەژنە بڵندانە بە هۆی ئاوی ئەوین بوو
چەند ماوە لە باغ مان و کەچی هەر نەچەماون
بڕوانە وەنەوشە دەدرەوشێ بە دروشمێ
بسکێکی پەرێشانە کە زۆر شانە کراون
بولبول! من و تۆ عاشقی خونچەی وەکوو زارین
پێناکەنێ بۆمان کە شەوێ ئاو نەدراون
ئەوشۆ وەرە با پێکەوە بگرین لە گوڵووکات
چونکە گوڵی باغی هەموو تینوویی شەواون