لە قەڵەم کەوتووم
از کتاب:
شاری دڵ
اثر:
سید کامل امامی (1903-1989)
2 دقیقه
916 مشاهده
ڕەحمێ بە دڵی شێتم، بێ تاقەت و خەمبارم
هەر ڕەعیەتی بەرپێتم، بێ کارم و پاکارم
مالیک نییە غەیری تۆ، مڵکیش هەموو هەر هی تۆن
ڕێگەم بدە یا ڕەببی، بێ مەلجەئـ و ناچارم!
ئەی خالیقی ڕۆژ و شەو، ڕۆژم ڕەشە هەروەک شەو!
دوورکەوتوو لە یارانم، هەمسایەیی ئەغیارم
جاران وەکوو شا وا بووم، شای دوورەخەم و دڵخۆش
ئێستا کز و سیسی خەم، بەر تانە وو پللارم
ئەو دوژمنی ئەمڕۆکە، دوێنێکە ڕەفیقم بوون
وا مامەوە تەنیا من، بێ هەمدەم و بێ یارم
جاران وەکوو بولبول بووم، بۆ مەدحی گوڵستانم
ئێستا لە قەڵەم کەوتووم، بێ سەوزە و گوڵزارم
شێواو و پەرێشانم، بێ دەنگم و دەشناڵم
گریانم و خەندانم، خۆشنوودم و بێزارم
تۆ مالیک و من مەملووک، تۆ خالیق و من مەخلووق
موستەوجبی ڕەحمی تۆم، یا ڕەببی گونەهبارم!
مەخدووشە لەف و نەشرم، مەغشووشە هەموو فکرم
تێک چوون بە غەم و غوسسە، ئەفکارم و ئەشعارم
ئەمما بە خوداوەندیت، ئەم عەبدە زەلیلەی خۆت
ئەم جارە نەجاتی دەی، هەرچەندە گرانبارم
باری گونەهـ و عیسیان، وا پشتی جدەو کردم
ڕەوتم هەموو لێ تێک چوو، وا هێندە بەئازارم
«کامیلتخلص» وەرە سەیری دڵ، خۆش نەغمەیە وەک بولبول!
خۆشڕەنگ و جوان وەک گوڵ، هەرچەند بە مەسەل خارم